نێرده‌كه‌ی تره‌مپ هۆشداری ده‌داته عێراق كه به‌ره‌و گۆشه‌گیریی نێوده‌وڵه‌تی نه‌خلیسكێت
مارك ساڤایا، نێرده‌ی تایبه‌تی دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا بۆ عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌دوای تێپه‌ڕبونی 23 ساڵ به‌سه‌ر روخانی دیكتاتۆرییه‌تدا، عێراق جارێكی دیكه له‌به‌رده‌م ساته‌وه‌ختێكی چاره‌نوسسازدایه‌و هۆشداریش ده‌دات كه به‌رپرسیارێتییه‌كه له ئه‌ستۆی سه‌ركرده‌كانی عێراقدایه كه كام بژارده هه‌ڵده‌بژێرن؛ بون به ده‌وڵه‌تێكی سه‌قامگیر و رێزلێگیراو له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی نوێ‌دا، یان خلیسكان به‌ره‌و داڕمانی ئابوری و سه‌رلێشێواوی سیاسی و گۆشه‌گیریی نێوده‌وڵه‌تی.
مارك ساڤایا، ئه‌مشه‌و پێنجشه‌ممه، له راگه‌یه‌ندراوێكدا وتی"دوای تێپه‌ڕبونی 23 ساڵ به‌سه‌ر روخانی دیكتاتۆرییه‌تدا، عێراق جارێكی دیكه له‌به‌رده‌م ساته‌وه‌ختێكی چاره‌نوسسازدایه. ده‌رفه‌تێكی مێژویی درا به وڵاته‌كه بۆ بونیادنانه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌كانی و به‌دیهێنانی ئاینده‌یه‌كی خۆشگوزه‌ران. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش هیچ میلله‌تێك ناتوانێت سه‌ركه‌وتو بێت له‌سایه‌ی بونی گروپگه‌لێكی چه‌كدار كه كێبڕكێی ده‌وڵه‌ت و لاوازكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانی ده‌كه‌ن. ئه‌م دابه‌شبونه پێگه‌ی عێراقی له‌سه‌ر ئاستی جیهان لاوازكردوه، ئابورییه‌كه‌ی خنكاندوه، تواناكانی بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه نیشتمانییه‌كان سنورداركردوه."
نێرده‌كه‌ی تره‌مپ وتوشیه‌تی"له‌ماوه‌ی سێ ساڵی رابردودا، عێراق نیشانی داوه كه سه‌قامگیریی راسته‌قینه كاتێك ده‌لوێت كه حكومه‌ت رێڕه‌وێكی واقیعبینانه‌و هاوسه‌نگ بگرێته‌به‌ر كه وڵاته‌كه دروبخاته‌وه له ناكۆكییه‌كانی ناوچه‌كه‌و سه‌رنجه‌كانی بخاته‌وه سه‌ر ئه‌وله‌ویه‌ته نیشتمانییه‌كان. نابێت كۆسپ بۆ ئه‌م رێگه تازه ده‌ركه‌وتوه دروست بكرێت. سه‌قامگیری پێویستی به سه‌ركردایه‌تییه‌كی به‌رپرسیار، پێویستی به یه‌ك ئامانج و به پابه‌ندبونی پته‌وه به به‌هێزكردنی ده‌وڵه‌ت و دامه‌زراوه‌كانییه‌وه."
ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕو"ئه‌مڕۆ له‌كاتێكدا عێراق به‌بۆنه‌ی هه‌شته‌مین ساڵیادی سه‌ركه‌وتنی به‌سه‌ر داعشدا ئاهه‌نگ ده‌گێڕێت و به‌سه‌ركه‌وتویی پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان ته‌واو ده‌كات، به‌رپرسیارێتییه‌كه به‌ته‌واوه‌تی له ئه‌ستۆی سه‌ركرده سیاسی و ئایینییه‌كانی وڵاتدایه. بڕیاری ئه‌وان له ماوه‌ی داهاتودا ئه‌وه دیاری ده‌كات كه عێراق به‌ره‌و سه‌روه‌ری و به‌هێزی هه‌نگاو ده‌نێت یاخود جارێكی دیكه به‌ره‌و پارچه‌پارچه‌بون و داڕوخان ده‌خلیسكێت."
نێرده‌ی تایبه‌تی سه‌رۆكی ئه‌مریكا جه‌ختیشی كردۆته‌وه "بژارده‌یه‌كی یه‌كگرتو و عه‌قڵانی، ئاماژه‌یه‌كی رون و بێخه‌وش بۆ ئه‌مریكا و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بنێرێت ئه‌وه‌یه كه عێراق ئاماده‌یه پێگه‌ی شایسته‌ی خۆی وه‌ك ده‌وڵه‌تێكی سه‌قامگیر و رێزلێگیراو له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی نوێ‌دا به‌ده‌ستبهێنێت. به‌دیله‌كه‌ی ئه‌مه‌ش به هه‌مان ئه‌ندازه رونه: داڕمانی ئابوری، سه‌رلێشێواوی سیاسی و گۆشه‌گیریی نێوده‌وڵه‌تی."
هه‌روه‌ها وتوشیه‌تی"له سایه‌ی سه‌ركردایه‌تی سه‌رۆك تره‌مپدا، ویلایه‌ته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا له‌وپه‌ڕی ئاماده‌باشیدایه بۆ پشتیوانیكردنی عێراق له‌ماوه‌ی ئه‌م قۆناغه چاره‌نوسسازه‌دا. خۆم و تیمه خاوه‌ن شاره‌زاییه ئاست به‌رزه‌كه‌م، پابه‌ند ده‌بین به كاركردن له نزیكه‌وه له‌گه‌ڵ سه‌ركرده عێراقییه‌كان له ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته و چه‌ند مانگی داهاتودا كه هاوكاربین له بونیادنانی ده‌وڵه‌تێكی به‌هێز و سه‌ربه‌خۆی سه‌قامگیر و عێراقێكی خاوه‌ن سه‌روه‌ری كه بتوانێت چاره‌نوسی خۆی له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی نوێ‌دا دیاری بكات."
