نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزی بەریتانیا هەوڵەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێم تاوتوێ دەکەن
ئەمڕۆ چوارشەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، عیرفان سدیق باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، گفتوگۆی هەولێر ـ بەغدا بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان، و هەوڵەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان تاوتوێكرد.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی هەرێم لە راگەیەنراوێكدا كە دەستی موتەڵع کەوتووە تیایدا، هاتووە: نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە عیرفان سدیق باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق كرد.
لە كۆبوونەوەیەكدا پەیوەندییەكانی بەریتانیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان، گفتوگۆی هەولێر ـ بەغدا بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان، دۆخی ناوخۆی كوردستان و هەوڵەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، تاوتوێ كران، هەروەها دەربارەی دوایین پێشهاتەكانی دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بیروڕایان گۆڕییەوە.
هەردوولا جەختیان لە برەودان بە پەیوەندییەكان و فراوانكردنی هاریكاریی هاوبەشی بەریتانیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان لە بوارە جیاجیاكاندا كردەوە، هەروەها لەسەر گرنگی چارەسەركردنی كێشەكانی هەولێر ـ بەغدا بە گفتوگۆ و لێكگەیشتن و پەلەكردن لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هاوڕابوون.
دەربارەی پێشهاتەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش دووپاتیانكردەوە كە چارەسەری ئاشتییانەی كێشەكان و گرتنەبەری گفتوگۆ و ڕێگە دیپلۆماسییەكان، لە بەرژەوەندیی هەموو لایەنەكان و تەواوی ناوچەكەدایە و ئارامی و سەقامگیری دەپارێزێت.
پەیوەندییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەكە و چەند پرسێكی جێی بایەخی هاوبەش، تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەكە بوو كە كونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان، ئامادەی بوو.
