نەتەوە یەکگرتووەکان جەخت لە پابەندبوونی به پشتگیریکردنی عێراق لە پرۆسەی هەڵبژاردندا دەکاتەوە
ئەمڕۆ یەکشەممە"محەمەد حەسان"نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، جەختی لە پابەندبوون بە بەردەوامیدان بە پشتگیریکردنی عێراق لە پرۆسەکانی هەڵبژاردن و بەهێزکردنی سەقامگیری سیاسی و ئابووری کردەوە.
وەزارەتی دەرەوە، لە ڕاگەیەندراوێکدا کە دەستی موتەڵع کەوتووە، تیایدا هاتوو : "فوئاد حوسێن"جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوە، لە نووسینگەکەی لە بەغداد پێشوازی لە "محەمەد حەسان"نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کرد.
وەک ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی پێداوە : لە میانی دیدارەکەدا،گفتوگۆ لەسەر گۆڕانکارییەکانی دۆخی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی و کاریگەرییەکانیان لەسەر عێراق و ناوچەکە کرا، هاوکات تاوتوێی ئامادەکارییەکانی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانیش کرا کە بڕیارە لەم مانگەدا ئەنجام بدرێت.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە : وەزیری دەرەوە ،جەختی لەسەر "دڵنیابوون لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی شەفاف و بێگەرد کە ویستی گەلی عێراق ڕەنگدانەوەی بێت کردەوە،و ستایشی پشتیوانیی نەتەوە یەکگرتووەکانیشی لەم بوارەدا کرد.
هەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە : لە دیدارەکەدا تاوتوێی ڕێگاکانی بەهێزکردنی هاوکاری و هەماهەنگی نێوان عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکانی لە بوارە جیاوازەکانی گرنگی هاوبەشدا کرد، بە شێوەیەک کە یارمەتیدەر بێت لە پشتگیریکردنی هەوڵەکانی سەقامگیری و گەشەپێدانی بەردەوام لە وڵاتدا.
لەلایەن خۆیەوە"محەمەد حەسان"پێزانینی نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ هاوکاری بەردەوام لەگەڵ حکومەتی عێراق" دەربڕی و جەختی لەسەر پابەندبوونی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکە کردەوە بە بەردەوامیدان بە پشتیوانیکردنی عێراق لە پرۆسەکانی هەڵبژاردن و بەهێزکردنی سەقامگیری سیاسی و ئابووری.
