نەتەوە یەکگرتووەکان داوای ئاگربەستی تەواو دەکات لە غەززە پاش کۆتاییهاتنی قۆناغی یەکەمی
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گۆتێرس ئێوارەی ڕۆژی هەینی داوای ئاگربەستی تەواوی کرد لە غەززە پاش کۆتاییهاتنی قۆناغی یەکەمی رێککەوتنی ئاگربەست.
گوتێرس لە بەیاننامەیەکدا گوتوویەتی، "ئاگربەست لە غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان دەبێت بەردەوام بێت، ڕۆژانی داهاتوو زۆر گرنگن و داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەم هیچ هەوڵێک نەبەخشن بۆ خۆپاراستن لە تێکچوونی رێککەوتنەکە و جێبەجێکردنی تەواوب بەڵێنەکانیان".
نابێت بۆ ماوەیەکی درێژخایەن بوونی سەربازی ئیسرائیل لە غەززە هەبێت و دەبێت کەرتی غەززە وەک بەشێکی دانەبڕاو لە دەوڵەتێکی سەربەخۆ و دیموکراتی و سەروەری فەڵەستینی بمێنێتەوە.
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەشڵێت: "غەززە و کەناری ڕۆژئاوای داگیرکراوە، بە قودسی ڕۆژهەڵاتیشەوە، دەبێت وەک یەک قەوارە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت کە لەلایەن حکومەتی فەڵەستینەوە بەڕێوەدەبرێت، کردارە تاکلایەنەکان لە کەناری ڕۆژئاوا، لەوانە فراوانکردنی نیشتەجێبوون و داگیرکاری (ئیسرائیل) و هەڕەشەی لکاندنەوە، دەبێت بوەستێنرێن و گەلی فەڵەستین دەبێت چێژ لە مافی حوکمڕانی خۆیان وەربگرن، داهاتووی خۆیان دابڕێژن و بە ئازادی و بە ئاسایشی لەسەر خاکەکەیان بژین".
