نەتەوە یەکگرتووەکان گەڕانەوەی زیاتر لە 115 هەزار پەنابەری سووری لە وڵاتانی دراوسێ بۆ وڵاتەکەیان تۆمارکردووە
کۆمیسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران گەڕانەوەی زیاتر لە 115 هەزار پەنابەری سووری لە وڵاتانی دراوسێ بۆ وڵاتەکەیان تۆمارکردووە و ئاماژەی بەوەشکردووە کە ئەو ژمارەیە لە وڵاتانی تورکیا، ئوردن و لوبنان گەڕاونەتەوە لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە لە 8ـی کانوونی یەکەمی 2024.
ئامارەکانی گەڕانەوەی پەنابەرە سوورییەکان لەسەر بنەمای ئەو زانیاریانەی کە لەلایەن وڵاتانی پێشوازییکەر لەو پەنابەرانەوە بڵاوکراونەتەوە و پەیوەندی لەگەڵ دەزگاکانی کۆچبەران لە سووریا و چاودێری کۆمسیۆنی باڵای پەنابەران و هاوبەشەکانی لە دەروازە سنوورییەکاندا بڵاوکراونەتەوە.
زیاتر لە 35 هەزار سووری لە تورکیاوە گەڕاونەتەوە وڵاتەکانیان و زیاتر لە 22 هەزار کەس لەڕێگەی وڵاتی ئوردنەوە چونەتەوە و تیمەکانی کۆمیسیۆنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران لەم هەفتەیەدا تێبینی گۆڕانکاری لە دیمۆگرافیای ئەو کەسانە دەکەن کە لە ئوردنەوە گەڕاونەتەوە و ژنان و منداڵان زیاتر گەڕاونەتەوە بۆ سووریا، بەرامبەر ئەو ڕێژەیەی کە پیاوان گەڕاونەتەوە.
نائارامی و پێکدادانی چەکداری، هەروەها زیادبوونی چالاکی تاوانکاری و تیرۆر و تەقەمەنی، هێشتا بەربەستێک بۆ زۆربەی پەنابەرە سووریەکان دروستکردووە لە هەوڵی گەڕانەوەیان بۆ سووریا.
