هاتوچۆی هەولێر چەند رێنماییەک ئاراستەی لایەنە سیاسیەکان دەکات
ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر چەند رێنماییەکی ئاراستەی لایەنە سیاسییەکان و کاندیدەکان کرد بەبۆنەی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەهۆی دەستپێکردنی وادەی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، داوا لە سەرجەم لیست، رەوت، لایەنە سیاسییەکان و کاندیدەکانی بەشدار لە هەڵبژاردن دەکەین، کە لەو ماوەیەی رێگەپێدراوە بۆ بانگەشەکردن، وێنە و پۆستەری کاندیدەکان و بڵاوکراوەکانیان بە ستوونەکانی ترافیک لایت و هێماکانی هاتوچۆ هەڵنەواسن و وێنەی گەورە لە نزیک سووڕانەوەکان و سەر شۆستەی چوارڕیانەکان دانەنێن کە ببێتە هۆکاری بەربەستی بینین لەبەردەم شوفێران.
دەشڵێت، پۆستەرە گەورەکان بە باشی بچەسپێنن، بۆ ئەوەی بەهۆی رەشەباوە بەرنەبنەوە سەر شەقامەکان و زیان بە ئۆتۆمبێل و بەکارهێنەرانی شەقام نەگەیەنن؛ هەروەها جامی ئۆتۆمبێل و ژمارەی تابلۆ دانەپۆشن بە ئاڵا، لۆگۆ و وێنەی کاندیدەکان.
داواش لە بانگەشەکاران دەکات، “لە دواوەی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر سەرنەکەون و جەستەیان لە جام و سڵایدی ئۆتۆمبێلەکان نەهێننەدەرەوە، رێگە و شەقامە گشتییەکان نەگرن لەپێناو و دروست نەبوونی جەنجاڵیی هاتوچۆ و پاراستن و سەلامەتیی گیانیان و روونەدانی رووداوی هاتووچۆی نەخوازراو”.
