هۆشیار زێباری: حكومەتی عێراق نەیوێرا ناوی ئەنجامدەرانی هێرشە درۆنییەكانی سەر هەرێم بهێنێت
هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی پارتی رایگەیاند، هێرشە درۆنییەكانی مانگی تەمموزی سەر كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم لەلایەن گروپە وەلائییەكانەوە ئەنجامدراون بەڵام ئەو لیژنەیەی حكومەتی عێراق پێكهێنا بۆ لێكۆڵینەوە لە هێرشەكان نەیوێران ناویان بهێنێت.
هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی پارتی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە پۆستێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس،کەموتەڵع بەدواداچوونی بۆ کردووە نوسیویەتی، لە مانگی تەمموزی رابردو، گروپە چەكدارە وەلائییەكان لە خاكی عێراقەوە 30 هێرشیان بە درۆنی بۆمبڕێژكراو بۆ سەر بیرە نەوتییەكان و دامەزراوەكانی ژێرخانی هەرێمی كوردستان ئەنجام دا.
ئاماژەی بەوەشداوە، حكومەتی عێراق وەك هەمیشە لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی بۆ زانینی راستییەكان پێكهێنا. لیژنەكەی حكومەتی عێراق راپۆرتی خۆی بڵاوكردەوەو دانی بە هێرشەكاندا نا، بەڵام نەیوێرا ناوی تاوانبارانی هێرشەكە بهێنێت.
