هۆشیار زێباری لەبارەی بەئامانجگرتنی کێڵگەی کۆرمۆر هاتەدەنگ
ھۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی لەبارەی بەئامانجگرتنی کێڵگەی کۆرمۆر هاتەدەنگ ،وتیشی كۆرمۆر بە موشەكی گراد لەلایەن میلیشیاكانەوە لە خورماتوەوە كراوەتە ئامانج.
زێباری لە تۆڕی ئێکس رایگەیاند، هێرشەكەی دوێنێی گروپە میلیشیاکان بۆ سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە سلێمانی، بە موشەکی گراد ئەنجامدراوە، کە لە میحوەری دوزخورماتووەوە هەڵدرابوون، بە ئامانجی تێکدانی ئابوری و ژێرخانی هەرێم، ئەوەش جارێكی تر ئەوە دووپاتدەكاتەوە کە حکومەت كۆنتڕۆڵی نییە بەسەریاندا.
زێباری وتوشیەتی، ئێستا حکومەتەکەی سودانی دەرفەتێکی زێڕینی لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی دەسەڵاتی خۆی بسەپێنێت و تاوانباران سزا بدات و چانسی بەدەستهێنانەوەی خولی دووەمی بەهێزتر بکات.
زێباری ئەوەشی خستۆتەڕو: پێشوازی لە لێدوانی مارک ساڤایا نوێنەری تایبەتی دۆناڵد ترەمپ لە عێراق دەكەین، لەبارەی هێرشە تیرۆریستیەكەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، ئەمریکا نزیکەی نیو ملیار دۆلاری لەم كێڵگەیەدا وەبەرهێناوە بۆ پشتگیریکردن لە ئاسایشی وزە، بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکی و ئیماراتیەکان كە لەلایەن هەندێک لە میلیشیاکانەوە کراوەتە ئامانج.
