هێزە چەکدارەکانی عێراق: رێوشوێنی پێویست لە دژی پێشێلکردنی سەروەریی وڵات لەلایەن ئیسرائیلەوە گیراوەتەبەر
ئەمڕۆ شەممە ،وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان سەباح نوعمان جەختیکردەوە كە عێراق رێوشوێنی پێویست لە دژی پێشێلکردنی سەروەریی وڵات لەلایەن ئیسرائیلەوە گرتوەتەبەر .
نوعمان لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند : حكومەتی عێراق ڕەتكردنەوەی ڕەها و تەواوەتی خۆی لە پێشێلكردنی ئاسمانی عێراق و بەكارهێنانی لە هێرشە سەربازییەكانی قەوارەی زایۆنیستی دژی كۆماری ئیسلامیی ئێران یان دژی هەر یەكێك لە دراوسێ ناوچەییەكانی دووپات دەكاتەوە، ئەمە نوێنەرایەتی پابەندبوونێكی بنەڕەتی و دەستووری عێراق دەكات بە سیاسەتی دراوسێیەتی باش و ڕێگریكردن لە بەكارهێنانی ئەو وڵاتە، زەوی و ئاو و ئاسمانی وەك شوێنی هەڵدانی هەر هێرشێك كە وڵاتانی دراوسێ بكاتە ئامانج، كە ئێمە باشترین پەیوەندیمان لەگەڵیاندا لە ئاستە جیاوازەكاندا دەپارێزین.
ئاماژەی بەوەشكرد : حكومەتی عێراق بەدواداچوون لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەكان دەكات لەسەر هەموو ئەو كارە نایاساییانە، كە پێشێلكردنی ئاشكرای سەروەری عێراق و بنەماكانی یاسا نێودەوڵەتییەكان پێكدەهێنن و كاردانەوەی نەرێنییان بۆ سەقامگیری و ئارامی لە ناوچەكەدا هەیە.
ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد : كە حكومەتی عێراق داوا لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دەكات بەرپرسیارێتی خۆی بگرێتە ئەستۆ، بەپێی ئەو ڕێككەوتنانەی لە نێوان هەردوو وڵات و نۆرم و ڕێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكان ئەنجام دراون، بۆ ئەوەی ڕێگە لە فڕۆكەكانی ئەو قەوارە زایۆنییە بگرێت كە چەندین جار ئاسمانی عێراق پێشێل نەكەن و هێرش ئەنجام بدەن.
ڕوونیشیكردەوە : عێراق خۆی پابەندكردووە بە بەرزترین ئاستەكانی خۆگرتن، بەو هیوایەی ڕێگە خۆشبكات بۆ چارەسەری دیپلۆماسی و سیاسی بۆ هێوركردنەوەی قەیرانەكە لە ڕێگەی ئاشتیانە مافی خۆیەتی، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەكان و ڕێككەوتننامەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان، تواناكانی بەكاربهێنێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر پێشێلكارییەكی سەروەری نیشتمانی لەلایەن هەر لایەنێكەوە.
ناوبراو ووتیشی: كۆماری عێراق بە پشت بەستن بە ڕێنماییەكانی سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان و لە ڕێگەی وەزارەتی دەرەوە و نوێنەرایەتی ئێراق لە ڕێكخراوی نەتەوەكان، ڕێوشوێنی كردەیی لە دژی پێشێل كردنی سەروەریی قەوارەی زایۆنیستی بە پێشێل كردنی ئاسمانی ئێراق گرتووەتە بەر.
