هێزەکانی تورکیا لە چوار ڕۆژی ڕابردوودا تا ئێستا پێشڕەوییەکانی خۆیان لە باکووریی هەرێمی کوردستان ڕاگرتووە
غەیاس سورچی، بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە نەینەوا لە چاوپێکەوتنێکی میدیایی لەگەڵ کەناڵی "ئەلعەهد" ئاشکرای کرد کە هێزەکانی تورکیا لە چوار ڕۆژی ڕابردوودا تا ئێستا پێشڕەوییەکانی خۆیان لە باکووریی هەرێمی کوردستان ڕاگرتووە، وتیشی: "هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان، لەلایەن درۆنەکانەوە بەتایبەتی لە چیاکانی گارە و مەتین لە پارێزگای دهۆک و هەروەها ناوچەی سیدەکان لە ڕۆژهەڵاتی پارێزگای هەولێر ئەنجام دەدرێت".
غەیاس سورچی دەشڵێت: بە گوێرەی قسەکانی وەزیری بەرگری تورکیا، ئۆپراسیۆنی سەربازی ئەو وڵاتە لە عێراق کۆتایی هاتووە، بەڵام ئێمە ئەو قسانە بە جددی وەرناگرین چونکە بۆردوومانی ناوچە کوێستانییەکان لەلایەن تورکیاوە هەر درێژەی هەیە.
ناوبراو دەشڵێت: هێزەکانی سوپای تورکیا هەر درێژە دەدەنە ناوچە داگیرکراوەکان و ئۆتۆمبێلی زرێپۆش و تانکەکانی تورکیا هەر لە شەقامەکان و شار و گوندەکانی هەرێم جێگیرن.
