هەر بە ئامانج گرتنێک یان تانە و لێدوانێک رەتدەکەینەوە کە زیان بە ناو و ناوبانگى فایەق زێدان بگەیێنێت
نێچیرڤان بارزانی: هەر بە ئامانج گرتنێک یان تانە و لێدوانێک رەتدەکەینەوە کە زیان بە ناو و ناوبانگى فایەق زێدان بگەیێنێت.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی، پاڵپشتى لە دادوەر فایەق زێدان، سەرۆکى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق دەکەین و هەوڵە گەورەکانى و خزمەتە دڵسۆزانەکانى بۆ دادگا و وڵات بەرز دەنرخێنین، هەروەها ڕایگەیاند، هەر بەئامانجگرتنێک یان تانە و لێدوانێک رەتدەکەینەوە کە زیان بە ناو و ناوبانگى فایەق زێدان بگەیێنێت یان لە پێگەى کەم بکاتەوە.
شایەنی باسە، لە هەمواری پرۆژە یاسای سەروەت و سامانی بیانییەكان كە لەلایەن كۆنگرێسمانی ئەمەریکی مایک واڵتز پێشكەش دەكرێت نیگەرانی لەنێو حکومەت و پێکهاتەکانی عێراق درووستکردووە، كە سەرۆكی ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق فایەق زێدان تێیدا كراوەتەوە ئامانج كە كار بۆ "خزمەتكردنی ئێران" دەكات، ئەمەش بەپێی ئەو هەموارە یاسایە کە ئەو ئەندامی کۆنگرێسی ئەمەریکی پێشکەشی کردووە.
واڵتز ئاماژەی بەوەکردوە كە كۆنگرێسی ئەمەریكا رێگا بە ئێران نادات عێراق بكاتە وڵاتێكی سەر بە ئێران، یان ئەو کەسانە دابمەزرێنێ كە هاوسۆزن لەگەڵ ئێران وەک فایەق زێدان و ئەوانی دیكە.
لەلایەکی ترەوە موحسین مەندەلاوی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بەوەكالەت لەمبارەیەوە رایگەیاند، ئەم پرۆژەیە مەترسیدارە و كاریگەری لەسەر سەرۆكی ئەنجوومەنی دادوەری دەبێت و پێشینەیەكی مەترسیدارە بۆ سەر عێراق.
