هەر چوار بەنداوەكەی سنووری ئیدارەی گەرمیان سەرڕێژ بوون
لێپرسراوی بەنداوەکانی گەرمیان ڕایگەیاندووە، بەهۆی بارانبارینی چەند ڕۆژی ڕابردوو هەر چوار بەنداوەكەی سنووری ئیدارەی گەرمیان سەرڕێژ بوون.
جەبار مەحمود، لێپرسراوی بەنداوەکانی گەرمیان لەبارەی كاریگەری بارانبارینی چەند ڕۆژی ڕابردوو لەسەر ناوچەكەیان ڕایگەیاند، بەهۆی بارانبارینی چەند ڕۆژی ڕابردوو هەر چوار بەنداوەكەی سنووری ئیدارەی گەرمیان سەرڕێژ بوون.
ئاماژەی بەوەشكردووە، بەنداوی باوە شاسوار سەرێژ بووە و بە بەرزی ۱٤ سانتیمەتر لەسەر سەرڕێژبوونی ئاو دەڕوات.
وتیشی، بەنداوی خۆرنەوازان کە هێشتا لە ٤%ـی ماوە تەواو بێت ئەویش سەرڕێژ بووە، نزیکەی ۱٥۰ سانتیمەتر ئاو بەسەر سەرێژەکەیدا ڕۆشتووە.
دەشڵێت، بەنداوی ئاوەسپی سەرڕێژ بووە و بە بەرزی سێ مەتر ئاو لەسەر سەرێژبوونییەوە ڕۆشتووە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەنداوی تورەجار، سەرێژ بووە و سێ مەتر ئاو لەسەر سەرڕێژبوونییەوە ڕۆشتووە.
جێگای ئاماژەیە، له چەند ڕۆژی ڕابردوودا شەپۆلێكی بارانبارینی بەهێز ڕووی لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان كرد و بەهۆیەوە لە چەند ناوچەیەك لافاو درووستبوو لە ئەنجامدا لە چەمچەماڵ و كەلار سێ كەس گیانیان لەدەستدا و زیانێكی زۆری ئابووریش بە هاوڵاتییان گەشت.
