هەرێم داوا لە بهغدا دەکات نەک تەنیا موچە بەڵکو بەشە بودجەی هەرێمی کوردستانییش بنێرێت
ئەنجومەنی وەزیرانی ههرێمی كوردستان له كۆبونهوهی ئهمڕۆیدا داوا لە بهغدا دەکات نەک تەنیا موچە بەڵکو بەشە بودجەی هەرێمی کوردستانییش بەپێی ڕێژەی 14.1%ی سەرژمێريی گشتیی دانیشتوانی عێراق بنێرێت. ههروهها جهختیش دهكاتهوه له ئهولهویهتدان به ناردنی 120 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ بۆ بهغدا پێش هەر خەرجییەکی دیکه.
ئەمڕۆ چوارشەممە، بەسەرپەرشتی مهسرور بارزانی، سەرۆک وهزیران و به ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە.
بهپێی راگهیهندراوی كۆبونهوه، لە سەرەتای کۆبونەوەکەدا، دوا هەڵوێستی بارودۆخی دارایی هەرێمی کوردستان و خەرجکردنی موچەی مانگی شوباتی موچەخۆرانی هەرێم و بەدواداچونی دەرەنجامی دوا کۆبونەوەی تیمی هاوبەشی هەردو دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ و هەرێم سەبارەت بە پابەندیی دارایی هەردو حکومەتی فیدراڵ و هەرێم بەرامبەر یەکتر، لەلایەن ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری و ئەندامانی دیکەی شاندی دانوستانکار خرایە ڕو.
ئەنجومەنی وەزیران دوپاتی کردەوە کە پێویستە حکومەتی فیدراڵ نەک تەنیا موچە و شایستە داراییەکانی موچەخۆرانی هەرێم، بەڵکو بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی بودجەی گشتیی فیدراڵ بە پێی ڕێژەی 14.1ی سەرژمێری گشتیی دانیشتوانی عێراق بنێرێت، بە تایبەتیش کە هەرێمی کوردستان پابەندیی نەوتیی و دارایی خۆی بە تەواوی جێبەجێ کردوە و لیستی موچە و تەرازوی پێداچونەوەی مانگانەش لە لایەن وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمەوە بێ کەموکوڕی ئاراستەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ کراوە.
سەبارەت بە پابەندیی ناردنی 120 ملیار دینار بۆ مانگی شوباتیش، ئەنجومەنی وەزیران جەختیکردەوە لەسەر ئەولەویەتدان بە ناردنی ئەم پارەیە پێش هەر خەرجییەکی دیکە تاوەکو هیچ پاساوێک بۆ وەزارەتی دارایی عێراق نەمێنێتەوە بۆ دواخستنی خەرجکردنی موچەی مانگی شوبات و مانگەکانی دیکەش.
بهگوێرهی راگهیهندراوهكه، لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان لەسەر ئەم بڕگەیە، دەرئەنجامی کۆبونەوەی هاوبەشی هەردو دیوانی چاودێری دارایی لە بەغدا لە ڕۆژی 2026/2/23 خرایەڕو سەبارەت با پابەندییە داراییەکانی هەردو حکومەت و هەمو ئەو بەڵگە و بنەما دەستوریی و قانونی و داراییانەش ڕونکرانەوە کە پاڵپشتیی شایستە داراییەکانی هەرێم دەکەن.
ههر بهپێی راگهیهندراوهكه، لە بڕگەی دوەمدا، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری کاروباری پێشمەرگە، ڕاپۆرتێکی خستەڕو دەربارەی هەنگاوەکانی ئەم دواییەی جێبەجێکردنی چاکسازییەکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و ڕێکخستنەوەی سەرجەم هێزەکانی پێشمەرگە لە ناو وەزارەتی پێشمەرگە و پوختەی کۆنوسی واژۆکراوی هاوبەشی لایەنە پەیوەندیدارەکان سەبارەت بە دەستنیشانکردنی تایبەتمەندیی و ئەرک و دەسەڵاتەکانی دەڤەرەکان.
ئەنجومەنی وەزیران "وێڕای دەستخۆشی لە سەرۆکایەتی هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگە و لیژنە هاوبەشەکان، ئەم هەنگاوەی بە گرنگ و مێژویی وەسف کرد لە ڕوی ڕێکخستنەوەی سەرجەم هێزەکان لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە و دەستنیشانکردنی دەسەڵاتی فەرماندەیی دەڤەرەکان و پەیکەربەندیی نوێی هێزەکانی پێشمەرگە، لە هەمانکاتدا ئەنجومەنی وەزیران سوپاسی هاوبەشە نێوەدەوڵەتییەکانی کرد کە هاوکار و پاڵپشتی پرۆسەکەیان کرد.
ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەی ڕاسپارد بە گوێرەی کۆنوسی هاوبەشی پەسەندکراو، کاری پێویست ئەنجام بدەن.
لە بڕگەی سێیەم و کۆتاییدا، ئەنجومەنی وەزیران گفتوکۆی لە بارەی پێشنیارێکی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ کرد تایبەت بە درێژکردنەوەی ماوەی کارکردن بە بڕیاری پێشوی ئەنجومەنی وەزیران سەبارەت بە لێخۆشبونی ڕێژەی 20% لە سزاکانی سەرپێچی هاتوچۆ بۆ ماوەی شەش مانگی دیکە واتا تاکو 2026/6/30 .
ئەنجومەنی وەزیران پێشنیارەکەی پەسەند کرد و ڕێژەی لێخۆشبونی سزاکانی سەرپێچییەکانی هاتوچۆ، بۆ شەش مانگی دیکە درێژ کرایەوە.
