هەرێم لە وەڵامی سەرۆکی دەروازە سنوورییەکانی عێراق: شکستەکانی خۆتان بە هەرێم دامەپۆشن
وەزارەتی دارایی هەرێم وەڵامی سەرۆکی دەروازە سنوورییەکانی عێراق دەداتەوە و دەڵێت” شکستەکانی خۆتان بە هەرێم دامەپۆشن”
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیەندراوێکی ناڕەزایەتی توندی بڵاوکردەوە و تێیدا وەڵامی لێدوانەکانی عومەر وائیلی، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراقی دایەوە. وەزارەتەکە تۆمەتەکانی وائیلی بە “بێ بنەما و چەواشەکاری” ناوبرد کە مەبەست لێی پەردەپۆشکردنی گەندەڵی دەروازەکانی عێراقە.
وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایگەیاند، ئەگەر داهاتی دەروازەکانی حکومەتی فیدراڵ کەمی کردبێت، هۆکارەکەی بۆ ئەم خاڵانە دەگەڕێتەوە:
گەندەڵی ئیداری: بوونی گەندەڵی ڕێکخراو و دەستێوەردانی سەرۆک هۆزەکان لە خاڵە سنوورییەکانی عێراق.
قاچاخچێتی: دەست تێکەڵکردن لەگەڵ قاچاخچییەکان بۆ هێنانە ناوەوەی کاڵا بەبێ گومرگی فەرمی.
بڕیاری کتوپڕ: زیادکردنی پێناسی گومرگی هەندێک کاڵا بۆ زیاتر لە ٣٠ هێندە، کە بووەتە هۆی پاشەکشەی بازرگانان.
وەزارەتەکە تۆمەتی هێنانە ناوەوەی کاڵای قەدەغەکراوی لە دەروازەکانی هەرێمەوە ڕەتکردەوە و جەختی کردەوە: “بە پێچەوانەوە، چەندین کاڵا لە هەرێم قەدەغەن بەڵام لە دەروازەکانی عێراقەوە بە ئاسانی دەهێنرێن و بە قاچاخ ڕەوانەی هەرێم دەکرێنەوە.”
وەزارەتی دارایی ڕەخنەی توندی لە دانانی نووسینگەکانی (ئەلسەد، چیمەن، دارەمان) گرت لە نێوان شارەکانی هەرێم و عێراق و ڕایگەیاند:
ئەم نووسینگانە نایاسایین و لە هیچ شوێنێکی جیهاندا نییە کاڵا دووجار گومرگ بکرێت.
ئەم شوێنانە بوونەتە سەرچاوەی سەرەکی گەندەڵی و وەرگرتنی بەرتیل لە بازرگانان.
وەزارەتەکە وەڵامی قسەکانی وائیلی دایەوە سەبارەت بە مووچە و نەوتی بەسرا، و دەڵێت مووچە خێر نییە ناردنی مووچەی هەرێم مافێکی دەستوورییە، نەک خێر و بەخشین.
هاوکات وەزارەتەکە وەبیری هێنایەوە کە کاتێک دەوڵەتی عێراق لەسەر نەوتی کەرکوک و کوردستان دەژیا، نەوتی بەسرا هەر بوونی نەبوو.
دارایی هەڕیم ئەوەشی خستەروو، لە ٧ ساڵی ڕابردوودا، لە کۆی ٩٤ ترلیۆن دینار پشکی هەرێم، تەنها ٣٣ ترلیۆن نێردراوە، کە تەنها بەشی مووچەی ٣ ساڵ دەکات.
وەزارەتی دارایی دووپاتی کردەوە، کە دەرگای دەروازەکانیان هەمیشە بەڕووی تیمەکانی چاودێری دارایی عێراقدا کراوە بووە و داتاکان شەفافن. لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەگەر باس لە گەندەڵی دەروازەکان دەکرێت، پێویستە ئاماژە بە وتەی وەزیری پێشووی دارایی عێراق بکرێت کە وتبووی “٩٠٪ی داهاتی دەروازەکانی عێراق ناگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت.”
وەزارەتی دارایی مافی خۆی دەپارێزێت کە ڕێکاری یاسایی بەرامبەر هەر چەواشەکارییەک بگرێتەبەر.
