هەرێم ... هیچ بنکەیەکی ئیسرائیلی لە کوردستان بوونی نییە
وەزارەتی ناوخۆی هەرێم رایگەیاند، هیچ بنکەیەکی ئیسرائیلی لە کوردستان بوونی نییە ،روونیشیکردەوە ئەو هێرشانە لە لایەن هەندێ گروپی سەر بە حەشدی شەعبی بە مەبەستی ئاژاوە نانەوە ئەنجام دەدرێن.
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، “لە چەند میدیایەکی ئەلکترۆنیی فەرمی لە ئێران، وا بڵاوکراوەتەوە کە گوایە شەوی رابردوو لە هەولێر بە درۆن هێرش کراوەتە سەر بنکەیەکی سەر بە ئیسرائیل، هەمو ئەو هەواڵانە چەواشەکارین و دوورن لە راستی، نە بنکەی ئیسرائیلی لە کوردستان هەن و نە ئۆپەراسیۆنی واش ئەنجام دراون”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، شەوی رابردوو درۆنێک لە ناوچەیەکی چۆلەوانی لە نزیک هەولێر کەوتۆتە خوارەوە.
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم راشیگەیاندووە، ئەو هێرشانە لە لایەن هەندێ گروپی سەر بە حەشدی شەعبی بە مەبەستی ئاژاوە نانەوە ئەنجام دەدرێن و پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەتی فیدڕاڵی سنوورێک بۆ ئەو کارە تێکدەرانە دابنێن و رێکاری یاسایی بەرامبەر بە تاوانباران بگرنەبەر.
