هەرێم ڕێككەوتنێك لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی رادەگەێنێت لەسەر میكانیزمی هەناردەكردنی نەوت
ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی گەیشتوونەتە ڕێككەوتن لەسەر میكانیزمی هەناردەكردنی نەوت.
وەزارەتەكە لە بەیاننامەیەكدا بڵاویکردەوە: وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكوومەتی هەرێم و وەزارەتی نەوتی عێراق لە سەر میكانیزمی هەناردەكردنەوەی نەوت ڕێككەوتن و كۆنوسی رێككەوتنەكەش لەلایەن 23 كەسایەتی شاندی هەردوولا واژۆ كراوە، كە 17 ئەندامی شاندی وەزارەتی نەوتی عێراق بوون.
ئاشكراشیكرد: كۆبوونەوەكان لە 17ی تەموز دەستیانپێكردو لەم ماوەیە سەردانی تەواوی كێلگەكانی هەرێم كراوەو دوای هەڵسەنگاندنی كێشەكانی هونەری گفتوگویەكی زۆر، لە 11ی ئاب رێكەوتن لە سەر میكانیزمی هەناردەكردنی نەوتی كێڵگەكانی هەرێم كراوە. كە بەگوێرەی بەرهەمی ڕۆژانەی كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان دەبێت، ئەویش دوای ئەوەی 50 هەزار بەرمیل بۆ پێویستی ناوخۆی هەرێم گلدەدرێتەوە، بەرهەمەكەی دیكە بۆ هەناردەكردن ڕادەستی كۆمپانیای سۆمۆ دەكرێت.
راشیگەیاند: بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان ماوەتەوە حكوومەتی فیدراڵ لەگەڵ حكومەتی توركیا قسە بكات و پرۆسەكە جێبەجێ بكرێت.
