هەزاران مامۆستای شارۆچکەکان ڕوویان لە سلێمانی کرد بۆ ئەنجامدانی خۆپشاندانێکی فراوان
لە بەیانی ئەمڕۆ دووشەممەوە 3ـی شوباتی 2025، هەزاران هاوڵاتی و مامۆستای شار و شارۆچکەکانی پارێزگای سلێمانی ڕوویان لەشاری سلێمانی کرد بۆ ئەنجامدانی خۆپشاندانێکی فراوان دژی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
هاوکات، ماوەی حەوت ڕۆژە چەندین مامۆستای ناڕازی لە پێنەدانی مووچەو شایستە داراییەکانیان لە سلێمانی مانیان لە خواردن گرتووە، مامۆستایانی ناڕازی دەڵێن، "سوورن لەسەر مانگرتن تاوەکو دەگەن بە ئامانجەکانیان".
لەلایەکی ترەوە، لە هەولێری پایتەخت، مامۆستا عەلی رەئووف مستەفا، نوێنەری گشتی مامۆستایانی گرێبەست لەلایەن ئاسایشی هەولێر دەستگیرکرا، دوای ئەوەی داوای کردبوو خۆپشاندان لە هەولێر و دهۆک دژی حکومەتی هەرێم بەڕێوەبچێت بەهۆی پێنەدانی شایستە داراییەکانیان.
لەکاتێکدا تا ئەمڕۆ دووشەممە 3ـی 2ـی 2025، حکومەتی کابینەی نۆیەمی ماوە بۆ درێژکراوی هەرێمی کوردستان مووچە و شایستە داراییەکانی مانگەکانی 12ـی 2024 و مانگی 1ی 2025 دابەشنەکردووە.
