هەسەدە لە گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفیەی باکووری شاری حەلەب لە سووریا کشانەوە
لەدوای رێککەوتنی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە لەکەڵ حکومەتی نوێی سووریا، چەکدارانی هەسەدە لە گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفیەی باکووری شاری حەلەب لە سووریا کشانەوە.
هەرچەندە ناوەڕۆکی رێککەوتنی کشانەوەی هەسەدە لە شاری حەلەب لەناوەڕاستی سووریا لەگەڵ حکومەتی سووریا ئاشکرا نییە، ئەمرۆ هەینی 4ـی نیسان هێزەکانی سووریای دیموکرات لە حەلەب بۆ ڕۆژئاوای کوردستان کشانەوە و هێزەکانی حکومەتی سووریا گەڕەکە کوردنشینەکانی باکووری حەلەبیان بەدەست گرت
ڕێککەوتنی نێوان هەسەدە و حکومەتی سووریا..
لە رۆژی 10ـی ئاداری 2025، سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا واژووکردنی رێککەوتنێک لەنێوان مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا ڕاگەیاند و بەپێی ڕێککەوتنامەکە، "هەسەدە دەبێتە بەشێک لە دامەزراوەی بەرگریی سووریا".
سەرۆکایەتی کۆماری سووریا لە رۆژی 10 ئادار ڕایگەیاندبوو، لەسەر بنەمای کۆبوونەوەی نێوان ئەحمەد ئەلشەرع، سەرۆکی سووریا و مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە ڕۆژی دووشەممەدا، ڕێککەوتن لەسەر یەکخستنی سەرجەم دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان، لەوانە دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکان و کێڵگەکانی نەوت و گاز لە دەوڵەتی سووریادا.
ڕێککەوتنی دووەم، دان بە کۆمەڵگای کوردی کە کۆمەڵگایەکی ڕەسەنە لە سووریادا و دەوڵەتی سووریاش مافی هاووڵاتیبوونی کورد و هەموو مافە دەستوورییەکانی مسۆگەر دەکات.
هەروەها مسۆگەرکردنی مافی سەرجەم سوورییەکان بۆ نوێنەرایەتی و بەشداریکردن لە پرۆسەی سیاسی و سەرجەم دامودەزگاکانی دەوڵەتدا، بەبێ هیچ جێوازیەکی نەتەوەیی و ئاینی.
