هەسەدە هێرشێکی چەکداری لە گوندەوارەکانی رۆژئاوای کۆبانێ تێکشکاند
هێزەکانی سوریای دیموکرات هێرشێکی چەکدارانی سەر بە حکومەتی سوریای لە گوندەوارەکانی رۆژئاوای کۆبانێ تێکشکاند و راشیدەگەیەنێت ژمارەیەک چەکداریان کوشتووە و چەندین زرێپۆش و ئۆتۆمبێلی چەکدارەکانیان تێکشکاندووە.
هێزەکانی سوریای دیموکرات لە راگەیەندراوێکیدا ئاماژەی بەوەکردووە، سەرباری راگەیاندنی ئاگربەست، چەکدارانی سەر بە حکومەتی سوریا هەوڵیان دا بەرەو گوندەکانی شێخلار و زیریک پێشڕەوی بکەن، بەڵام لە لایەن هێزەکانی هەسەدەوە بەرپەرچدرانەوە.
راشیگەیاندووە: لە میحوەری جەلەبیەدا دوو زرێپۆش و چەند ئۆتۆمبێلێکی دیکە تێکشکێندراون و ژمارەیەک چەکداریش کوژراون و بریندار بوون.
هەسەدە ئاماژەی بەوەشکردووە: پێکدادان لە میحوەری زیریک هێشتا بەردەوامی هەیە.
لەلایەکی دیکەوە، روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاشکرای کرد، هێرشی گروپە چەکدارەکان دەبێتە هۆی ئاوارەبوونی زیاتری هاووڵاتیانی سڤیل لە گوندەوارەکانی کۆبانێ، کە ئێستا شارەکە گەمارۆ دراوە.
