هەواڵگیری تورکیا دەستگیركردنی بریکارێکی مۆسادی ئیسرائیلی ڕادەگەیەنێت
لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، دەسەڵاتدارانی تورکیا کەسێک بە ناوی سەرکان چیتشەک-یان دەستگیر کرد، بە تۆمەتی کارکردن بۆ دەزگای هەواڵگری ئیسرائیلی "موساد". كە كاری كۆكردنەوەی زانیاری بوە بۆ ئەو دەزگایە.
میدیاكانی توركیا ئەمڕۆ لەزاری سەرچاوە ئەمنییەکانەوە بڵاویانكردوە، هەواڵگری وڵاتەكەیان ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی بە ناوی "میترۆن" لەگەڵ داواکاری گشتی و لقی دژە تیرۆری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ئیستانبوڵ ئەنجامداوە.
بەگوێرەی سەرچاوەكان، ئۆپەراسیۆنەکە لە ئیستانبوڵ بوە هۆی دەستگیرکردنی چیتشەک، ئەوەش دوای ئەوەی سەلمێنرا کە بۆ موسادی ئیسرائیلی کاری کردوە. بەپێی زانیارییە کۆکراوەکانی دەزگای هەواڵگری تورکیا، دەرکەوتوە کە چیتشەک پەیوەندی بە کەسێکەوە هەبوە بە ناوی فەیسەڵ ڕەشید، کە یەکێکە لە ئەندامانی ناوەندی ئیسرائیلی بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی ئینتەرنێت.
هەروەها زانیارییەکان ئەوەیان دەرخستوە، چیتشەک ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ئەنجامدانی چالاکیی سیخوڕی بۆ ڕەشید، کە چالاکوانێکی فەلەستینی دژبەری سیاسەتەکانی ئیسرائیل لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکاتە ئامانج.
بەگوێرەی میدیاكانی توركیا، ناوی ڕەسەنی سەرکان چیتشەک، محەمەد فاتح کەلاشە و دوای کۆبونەوەی قەرزی زۆر لە ژیانی پیشەییدا گۆڕیویەتی. دوای ئەوە وازی لە بازرگانی هێنا و لە ساڵی 2020ـەوە کۆمپانیای "پاندۆرا بۆ لێکۆڵینەوە"ی دامەزراند و وەک لێکۆڵەرێکی تایبەت دەستی بەکار کرد.
