هەڤاڵ ئەبوبەکر: وەک پێشتر هەموولایەکمان ئاگادارکردەوەو کەس بەبای خەیاڵیشیدا نەهات
هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی لەبارەی قەیرانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان: بۆ ئەوانەی تەڕاییەک لە بەرپرسیارێتیی و دڵۆپێک لە خەمی گشتیی و تروسکاییەک لە ئومێدو پوشێک لە چارەسەر، لە ویژدان و باوەڕو گوفتارو کرداریاندا ماوە، ئەگەر بەم شێوەیە بڕوات و بەرپرسیارێتییەکان ئاوابن و هەرێمی کوردستان لەگەڵ خۆی و لەگەڵ بەغدا، لەگەڵ دۆخی هەرێمایەتیی و لەگەڵ دنیای دەرەوە وەک ئێستا بەڕێوەبەرێت، دەسەڵاتدارانی هەرێم خۆیان لە حکومەت و خزمەت و ژیان و بژێویی و ژینگەی گشتیی بەدوربگرن و خۆشیان بە خاوەنی زەوی و دەستکەوت و داهات و هێزو وزەو کانزاو بازاڕ بزانن، ئیتر وەک پێشتر هەموولایەکمان ئاگادارکردەوەو کەس بەبای خەیاڵیشیدا نەهات، بەرەو کوژانەوەی سەرتاسەری سیستمی گشتیی و وێرانکردنی کەرتی گشتیی و تایبەت و بەتاڵانبردنی ژێرخانی وڵات و خاپورکردنی سەرخانی وڵات و شکاندنی ئێسکە پەیکەری دامودەزگاکان و هاووڵاتیان دەچین، بێئاگایانە بەرنامەی دژەکان جێبەجێدەکەین و دارەکەی ژێر پێی خۆمان بە دەستی خۆمان دەبڕینەوە.
دە ساڵە لە لێکەوتەی نەزانیی یان زانایی چەتەگەرییانەی 32 ساڵی ڕابردووەوە چارەسەر نەک پلان و دانانی ستراتیژ بۆ بودجەو موچەو هێزو وزەو خاک و خزمەتگوزارییەکان و بە دامەزراوەیبوون و هاووڵاتیبوون و دەوڵەتداریی و یاساسەروەریی نەکراوە.
هەڤاڵ ئەبوبەکر وتیشی: ئەمڕۆ هەموو جوڵەیەکی ژیان و بەڕێوەبردن و خزمەتگوزارییەکان بەهۆی نەبونی بەرنامەو پلان و موچەو بودجەو نرخی دراو و نەختینەو کوژانەوەی سەرتاسەریی کارەباوە لە هەموو کەرتە خودیی و کەسیی و تایبەت و گشتییەکاندا وەستاون، ئەگەر ئەمڕۆ ڕادەی کەمی ئەم هەڕەشەو کێشەو قەیران و کارەساتانە چارەسەرنەکرێن نە هەژمونی دەسەڵاتدارێتیی، نە فرە حیزبیی، نە ئەم هەموو ماکینەو کۆمپانیا میدیایانەی لە داهاتی گشتیی داتانناون سودێکی بۆ خزمەتی گشتیی نابێت و هەرێم دەکەوێت، کەوتنێک کە بۆ دەیان ساڵی ئایندە هەستانەوە بەدوای خۆیدا ناهێنێت.
