هەڤاڵ ئەبوبەکر: پابەندی بڕیاری بزووتنەوەی گۆڕان نابم و لە پۆستەکەم ناکشێمەوە
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی و ئەندامی بزووتنەوەی گۆڕان لەبارەی بڕیاری بزووتنەوەکە بە کشانەوەی لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم و هەموو پۆستە ئیداریەکان ڕایگەیاند، "ئێمە بە بژاردەو بڕیاری ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا ڕێکخەری گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان و بە هەڵبژاردن و بەدەنگی زۆرینەی ڕەهای خەڵک و بزوتنەوەی گۆڕان و بڕیاری جڤاتی نیشتمانیی بزوتنەوەی گۆڕان و ڕێککەوتنی بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و دەنگی هەموو فراکسیۆنەکانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و بە پەسەندێتیی وەزارەتی ناوخۆو سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و بە مەرسومی هەرێمیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ لە 4ی کانونی یەکەمی 2017 دا وەک پارێزگاری سلێمانی دەستبەکاربووم، لە پێناوی خزمەت نەک دەسکەوتدا، دڵسۆزانە حکومەتێکی خۆجێی هاووڵاتیی سەنتەریی خزمەتگوزارمان لەسەر بنەمای یاساسەروەریی و دوور لە حیزبایەتیی و دوور لە جیاکاریی و لایەنداریی بەپشتیوانیی هەمووان بنیاتناوە، بۆ یەکەمجار لە مێژووی کورددا لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکاندا بەشداریی و ئاڵوگۆڕی ئاشتیانەی حکومەتە خۆجێیەکانمان بەرجەستە کردووە، بەرەنگاری هەموو ئاڵنگارییەکان بوینەتەوەو گۆڕیومانن بۆ دەرفەتی گەشەکردن".
هەڤاڵ ئەبوبەکر دەشلێت: ئێمە حوکمڕانیمان لە ململانێی سیاسیی دورخستۆتەوەو پابەندیی دەستور و یاساو ڕێساو ڕێنماییەکان بووین و دەبین.
لەم دۆخەی ئێستادا، کە بەداخێکی سەختەوە ناکۆکیی و دووبەرەکیی و بێمتمانەییەکی زۆرو قوڵ کەوتۆتە ناو بزوتنەوەی گۆڕانەوەو بەسەر دوو ماڵی لێکترازاودا دابەشبوون، ئێمە خۆمان لەو دۆخە بەدورگرت و هەموو هەوڵێکی کۆکردنەوەو یەکخستنەوەو ڕێکخستنەوەو قبوڵکردنی یەکترو کاراکردنەوەی پەیکەری ڕێکخراوەیی و ناوەندەکانی بڕیاردانمان دا، بەڵام نەگەشتینە ئەنجام.
لە ئێستاشدا نابینە بەشێک لەم ململانێ و کێشمەکێشەی گۆڕانی لە ئامانج و ستراتیژو دەستور و پاکێچ و بەرپرسیارێتییەکەی دورخستۆتەوە.
بۆیە، بێبەریبوونی خۆمان لە هەردوو ماڵەکەی بزوتنەوەی گۆڕان ڕادەگەیەنین و لە ئەمڕۆوە؛ وەک کەسێکی تەکنۆکرات و بێلایەن لە ئەرکەکانی خۆمان بەردەوام دەبین، تا ئەو کاتەی بەخشینەکەمان پەسەند دەکرێت، یان ڕێکارێکی یاسایی و کارگێڕیی دەگیرێتەبەر بۆ دەستاودەستی پۆستەکەمان لەگەڵ هەر پاڵێوراوێکی تردا.
زانیاری زیاتر...
دوێنێ پێنجشەممە (10ـی تشرینی یەکەمی 2024)، دانا ئەحمەد، ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆران لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، لە کۆبونەوەی نائاسایی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان بە زۆرینەی دەنگ بڕیاردرا، بزوتنەوەی گۆڕان لە هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی خۆجێی بکشێتەوە.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەم بڕیارەمان بەپرس و ڕاوێژ لەلایەن بەرپرس و کەسی شارەزا و لەدەرەوەی گۆران دراوە، و لە هەردوو حكومەتی هەرێم و حكومەتی خۆجێی دەکشێینەوە.
ڕێکخەری گشتی گۆڕان وتیشی: لە ڕابردوودا و ئەزمونی بەشداریمان لە کابینەی 9ـی حکومەتی هەرێم سەرکەوتوو نەبوو، ئەوکارنامەیەی لەلایەن گۆرانەوە ئامادەکرابوو، لەلایەن حکومەتەوە جێبەجی نەکرا.
دانا ئەحمەد مەجید جەختیشیکردەوە، وەک بزوتنەوەی گۆران بەڵێن دەدەین هەڵەکان ڕاست دەکەینەوە، و بە ستراتیجییەکی نوێوە دەگەڕێتەوە مەیدان، بە پەیامی کاک نەوشیروان ڕوو لە خەڵک و دوور لە پۆست و دەسەڵات بەردەوام دەبین.
شایەنی ئاماژەیە، گرنگترین پشکەکانی بزووتنەوەی گۆڕان لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم ئەمانەن: وەزیری دارایی و ئابووری کە ئاوات شێخ جەناب لەو پۆستەیە، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی کە کوێستان محەممەد لەو پۆستەیە، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی کە کەمال موسلیم لەو پۆستەیە، هەروەها وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن کە دانا عەبدولکەریم لەو پۆستەیە، لەگەڵ پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە موستەفا سەید قادر لەو پۆستەیە لە بزووتنەوەی گۆڕان.
کشانەوەی بزووتنەوەی گۆڕان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، دوای نزیکبوونی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان دێت کە بڕیارە لە ڕۆژی 20ـی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت و بزووتنەوەکە داوای لێبوردنی لە هەڵکانی کرد و دەڵێت: "دەگەڕێیننەوە سەر ڕێچکەی نەوشیروان مستەفا و بەرەی خەڵک".
