هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی پیرۆزبایی لە شاری گەشتیاری چاڤیلاند دەکات
د. هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی پیرۆزبایی لە شاری گەشتیاری چاڤیلاند بەهۆی دانانی یەکەم وێستگەی تۆڕباینی با بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا و لە پەیامێکی ڕایگەیاند، "بەناوی پارێزگای سلێمانییەوە، پیرۆزبایی و پێزانین و پشتیوانیی خۆمان پێشکەش بە بەڕێزان لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ و شاری گەشتیاریی چاڤی لاند و شاری سلێمانی خۆشەویست و خەڵکی کوردستان دەکەین، بە دانانی یەکەم وێستگەی تۆڕباینی با بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا ڕوکردنە وزە نوێکانی دۆستی ژینگەن و پشتبەخۆبەستن زامندەکەن، هەنگاوێکی ئەرێنیی بەهادارە، بە تایبەتیی کە سلێمانی لە ساڵی 2018ەوە بووەتە ئەندام لە پەیمانی نێوەدەوڵەتیی بۆ وزە نوێيەکان و ئاوو هەوا لە یەکێتیی ئەوروپاو تاکە شاری کوردستان و عیراقیشە کە ماستەرپلانی ژینگەو وزە نوێیەکانی بە پەسەندو ڕاستاندنی یەکێتیی ئەوروپاو ڕێکخراوی UNDP؛ هەیەو، بە بەردەوامیی کاری لەسەر دەکەین، ئەم هەنگاوانە لەگەڵ ئەو پڕۆژەو کارانەی لە بواری وزەی خۆرو ئاوو چارەسەرکردنی ئاوی قورس و زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی و پاراستنی دارستانەکان و سەوزکردنی سییەکانی سلێمانی لە (گۆیژەو ئەزمڕ) و بەکارهێنانی کاغەزو تەختە بۆ پێداویستییە ڕۆژانەکان و بەکارهێنانی لیدو گۆڕینی سیستمی سوتەمەنیی ئۆتۆمبیلەکان بۆ غازو کارەباو بەکارهێنانی کەرەستە بیناسازییەکانی پاسیڤ هاوس و چارەسەرکردنی خۆڵ و خاشاک و گۆڕینیان بۆ وزەی پاک و ڕیسایکلین و تاددا، کە لە سلێمانی کردومانن، پێگەی سلێمانی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتیی بەهێزتردەکەن و، پشتیوانی پارێزگای سلێمانی دەبن بۆ ئەوەی بتوانێت وەک ئێستاو ڕابردوی نزیک؛ بە پشتیوانیی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان خزمەتێکی زیاتری هاووڵاتیان و ژیان و ژینگەی ناوچەکەو دنیا، لەسەر ڕێڕەوێکی ڕاست و پەسەند، بکات".
