هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی ڕاوێژکاران و پسپۆڕان... نوسینگەی سودانی هەنگاوی گرنگ بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکان ڕادەگەیەنێت
ئەمڕۆ دووشەممە، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، محەمەد شیاع سودانی، جەختی لە دامەزراوە حکومییەکان کردەوە کە بڕیارەکان جێبەجێ بکەن بەمەبەستی بەدەستهێنانی کەمکردنەوەی ڕوونی خەرجییەکان.
لە ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران کە دەست ئاژانسی موتەڵع کەوتووە، هاتووە: "لەچوارچێوەی جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، نوسینگەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران کۆمەڵێک هەنگاوی یەکخستن و ڕێکخستنی لە ناو پێکهاتە و بەشەکانی نوسینگەکەدا ناوە، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی کەمکردنەوەی خەرجییەکان و چالاککردنی ئەدای کارکردن، لەوانەش هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی چەند ڕاوێژکار و پسپۆڕێک کە پێشتر ڕاسپێردراوبوون بۆ بەڕێوەبردن و چاودێریکردنی چەند دۆسیەکی گرنگ لە بوارەکانی جێبەجێکردنی بەرنامەکانی حکومەت، کە ڕێژەی تەواوکردنی گشتییان گەیشتە 88%، لەگەڵ بەرز نرخاندنی هەوڵەکانیان و هەوڵی هەموو ئەوانەی کاریان لەسەر ئەم پڕۆژانە کردووە لە هەموو دامودەزگاکانی حکومەت".
ئاماژەی بەوەشکرد، "نووسینگەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران کۆمەڵێک ڕێوشوێنی گرنگی خۆپارێزی و کەمکردنەوەی خەرجییەکانی لە زۆربەی بوارەکانی بودجەی کارپێکردنی نوسینگەکەدا گرتووەتەبەر".
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە ، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران "جەخت دەکاتەوە لەسەر گرنگی جێبەجێکردنی سەرجەم ئەو بڕیارانەی ئەنجومەنی وەزیران کە لەم بارەیەوە دەرچوون، بەمەبەستی بەدەستهێنانی کەمکردنەوەی ڕوونی خەرجییەکان و سوودوەرگرتن لە تواناکانیان".
