هەڵوەشاندنەوەی گەورەترین تۆڕی قاچاخچێتی جگەرە و خواردنەوەی كحولی لە بەغدا
ئەمڕۆ هەینی، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، رایگەیاند تۆڕێكی تاوانكاری تایبەت بە قاچاخچێتی جگەرە و خواردنەوەی كحولی لە بەغدای پایتەخت هەڵوەشاندەوە.
دەزگای ئاسایشی نیشتمانی لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: بە پشتبەستن بە زانیارییە هەواڵگرییە وردەكان و چاودێریكردنی چڕ و پڕی مەیدانی، یەكەكانی توانیان، دوای بەدەستهێنانی ڕەزامەندی دادوەری، تۆڕێكی تاوانكاری ڕێكخراو كە تایبەتە بە قاچاخچێتی جگەرە و خواردنەوە كحولیەكان هەڵبوەشێننەوە، و ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: ئۆپەراسیۆنەكە بووە هۆی دەستگیركردنی نۆ تۆمەتبار كە بڕبڕەی پشتی تۆڕە تاوانكارییەكە پێكدەهێنن.
رونیشیكردەوە: لە لێكۆڵینەوەكاندا دەركەوتووە كە تۆڕەكە بەڵگەنامەی فەرمی ساختە بەكاردەهێنێت بۆ شاردنەوەی كاڵا قاچاخەكان، بە كێش و ژمارە جیاوازەكانەوە كە لەگەڵ ئەو كاڵایانە ناگونجێت كە لە پسوڵە فەرمییەكاندا هاتووە.
ئاشكراشیكرد: تۆمەتباران دوو كۆگای سەرەكییان بەكارهێناوە كە وەك ناوەندی دابەشكردن بەكاریان دەهێنا، یەكەمیان بۆ جگەرەی قاچاخ، دووەمیان بۆ خواردنەوە كحولیەكان. كۆگاكان بڕێكی زۆر سندوقی قاچاخیان تێدابووە.
جەختیشیكردەوە: سەرجەم تۆمەتبارەكان ڕەوانەی دەزگای دادوەری كران، هاوكات ئەو كەلوپەلە قاچاخانەی دەستیان بەسەردا گیراوە ڕادەستی دەستەی گشتی گومرگی كراون بۆ ڕێكاری زیاتر.
