وادەی تۆمارکردنی ناوی کاندیدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان درێژکرایەوە
کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق وادەی وەرگرتنی لیستی بەربژێران بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، تاوەکو 31ـی ئازار درێژکردەوە و دەشڵێت، "تاوەکو ئێستا هیچ داواکارییەکمان بۆ دواخستنى هەڵبژاردنەکان بەدەستنەگەیشتووە".
جومانە غەلاى، وتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى عێراق لەلێدوانێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند، درێژکردنەوەى وادەى وەرگرتنى لیستى بەربژێران بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، بۆ پێدانى دەرفەتى زیاترە بە پارتە سیاسییەکان.
ئاماژەى بەوەشکرد، کۆمەڵێک پارت و حیزب هەیە ناوى خۆیان تۆمارکردووە، بەڵام دەرفەتى زیاتریان داوە بەوانەى ناوى خۆیان تۆمارنەکردووە تاوەکو کارەکانیان رێکبخەن.
باسى لەوەشکرد، دوو هاپەیمانى لە هەر چوار بازنەکە ناوى خۆیان و بەربژێرەکانیان تۆمارکردووە، کارى سەرەکى کۆمیسیۆن پاش تۆمارکردنى ناوى بەربژێرەکان پێداچوونەوەیە بە مەرجەکانى خۆبەربژێرکردن.
وتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى عێراق ئەوەشى ئاشکراکرد، "تاوەکو ئێستا هیچ داواکارییەکمان بۆ دواخستنى هەڵبژاردنەکان بەدەستنەگەیشتووە".
لەبارەى ئەوەى ئایا پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان، لیستى ناوى بەربژێرەکانیان پێشکەشکردووە یاخود نا، جومانە غەلاى گوتى، "تاوەکو دوێنێ پێشکەشى کۆمیسیۆنیان نەکردووە".
باسى لەوەشکرد، بەگوێرەى یاساکان کۆمیسیۆن رێگەى داوە تاوەکو 5%ى دەنگدەران بەبێ پەنجەمۆر دەنگبدەن
