وتاربێژی نەجەف: تۆپەکە لە گۆڕەپانی کوردە بۆ یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەرۆککۆمار
پێشنوێژی مزگەوتی گەورەی نەجەف دەڵێ: "تۆپەکە لە گۆڕەپانی برایانی کورددایە" بۆ یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەرۆککۆمار و دەشڵێت: "هیوای هەڵوێستێکی یەکگرتوویان لێ دەخوازین."
رۆژی هەینی، 6ـی شوباتی 2026، سەدرەدین قەبانچی، پێشنوێژ و وتاربێژی مزگەوتی گەورەی نەجەف لە گوتاری نوێژی هەینیدا لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق و هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆککۆمار وتی: "تۆپەکە ئێستا لە گۆڕەپانی برایانی کورددایە. ئێمە دەست وەرنادەینە کاروباریان، بەڵام هیوای هەڵوێستێکی یەکگرتوویان لێ دەخوازین بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی پۆستی سەرۆککۆمار."
سەبارەت بە هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیران، قەبانچی وتی، چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە هەوڵەکانی بەردەوامە بۆ چارەسەرکردنی ئەو دۆخەی هاتووەتە پێشەوە، ئەوەش دوای تویتەکەی چەند رۆژێک لەمەوبەری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا.
سەدرەدین قەبانچی لەبارەی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێرانیش قسەی کرد و وتی: "هاوسەنگەریی خۆمان لەگەڵ ئێران بەرامبەر هەر دەستدرێژییەک رادەگەیەنین، چونکە ئەم جەنگەش بۆ ئێمە جەنگی بوون و پاراستنی ناسنامەیە."
