وەزارەتی بازرگانی: كۆگا سووتاوەکانی نەجەف هیچ پەیوەندییەكی بە كۆمسیۆنەوە نییە
ئەمڕۆ هەینی وەزارەتی بازرگان دووپاتیكردەوە كە ئەو كۆگایانەی سوتێنراون لە شاری نەجەف بەكرێدراون بە وەبەرهێنەران وهیچ پەیوەندییەكیان بە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانەوە نەبووە.
بەیاننامەیەكی وەزارەتەكە كە بە ئاژانسی موتەڵع گەیشتووە و تێیدا هاتووە : ئەو هەواڵە بڵاوبووەتەوە سەبارەت بە ئاگركەوتنەوە لە كۆگاكان كە پێداویستی خۆراكی سەر بە وەزارەتیان تێدایە لە پارێزگای نەجەف ڕەتدەكاتەوە، جەختیشی لەوە كردووەتەوە ئەو زانیاریانەی بڵاودەكرێنەوە نادروستن.
لە بەیاننامەكەدا ڕوونیكردووەتەوە : ئەو كۆگاكان لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە بە كرێ دراون بەپێی گرێبەستی هاوبەشی لەگەڵ كۆمپانیای گشتی بۆ بازرگانیكردن بە كەرەستەی بیناسازی، هەروەها ئەو كەرەستەی كە زیانیان بەركەوتووە هی وەبەرهێنەرانن و پەیوەندییان بە وەزارەتی بازرگانی یان هیچ یەكێك لە لایەنە سەر بە دامەزراوەكانیەوە نییە، زیاتر ئاماژەی بەوەشكردووە، كۆمپانیای گشتی بازرگانیكردن بە خۆراك و كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان بە هیچ شێوەیەك پەیوەندییان بەو ڕووداوەوە نییە.
ئاماژە بەوەشكراوە : تیمەكانی بەرگری شارستانی بە خێرایی دەستوەردانیان كردووە بۆ كۆنترۆڵكردنی ئاگرەكە و ڕێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی بۆ كۆگاكانی دراوسێ، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێكی گیانی نەبووە.
