وەزارەتی خوێندنی باڵا درێژەی بە داشكاندنی كرێی خوێندنی قوتابیان لە زانكۆ و پەیمانگەكان دا
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لە بڕیارێكیدا درێژەی بە داشكاندنی كرێی خوێندنی قوتابیان لە زانكۆ و پەیمانگەكان دا و لە هەمان كاتدا پێدانی یەكەم قیستی پێشوەختەی وەكوو مەرجی دەستپێكردنی خوێندن لابرد.
لەم بارەیەوە، عەباس ئەكرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕاگەیاند: "بە ڕەچاوكردنی بار و گوزەرانی خانەوادەی قوتابیان لە هەرێمی كوردستان، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بڕیاری داشكاندنی كرێی خوێندنی لە زانكۆ و پەیمانگە حكومی و تایبەتەكان داوە لە ساڵی خوێندنی 2023-2024، بۆ زانكۆ و پەیمانگە تایبەتەكان داشكاندن لە 10% تا 20% بۆ سەرجەم قۆناغەكان دەكرێت كە زیاتر لە 31 هەزار خوێندكار تێیدا سوودمەند دەبن"، هەروەها داشكاندنی 45%ـی كرێی خوێندن بۆ زانكۆ و پەیمانگە حكومییەكان بۆ خوێندنی پارالێل و ئێواران بەردەوام دەبێت.
