وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم بڕیارێکی دەرکرد لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان
وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان بڕیارێکی دەرکرد لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان.
لە بەیاننامەیەکی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان کە ئەمڕۆ شەممە بڵاوکراوەتەوە هاتووە کە لەسەر ڕاسپاردەى ئارام مەحەممەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و لە پێناو بەشدارى کردن لە هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان چەند بڕیارێک دەرچوو: "دواخستنى هەر وانە یاخود تاقیکـردەوەیەک لە رۆژانى 17 و 18ـی ئەم مانگە و لە رۆژانى دواتر قەرەبوو دەکرێتەوە بۆ قوتابیان و خوێندکارانى دانیشتوى ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێم"، هەروەها لە بڕیاری دووەم بەپێی بەیاننامەکە هاتووە، "لەو دوو رۆژەى لە خاڵى سەرەوەدا ئاماژەى پێکراوە، سەرجەم مامۆستاو فەرمانبەر و قوتابیان و خوێندکارانى کە دەنگیان دەکەوێتە ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێم بە نەهاتوو هەژمار ناکرێن".
