وەزارەتی دارایی رونکردنەوەیەک لەبارەی لێبڕینی بڕە پارەیەک لە فەرمانبەران باودەکاتەوە
ئەمڕۆ هەینی، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، لەبارەی لێبڕینی بڕە پارەیەک لە مووچەی فەرمانبەران، ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە، ئاماژەی بەوەکرد: 1%ـی مووچەی بنەڕەتی فەرمانبەران لەسەر داواکاری وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە مەبەستی تۆمارکردن و دروستکردنی ژمارەی وەزیفی لە لایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە بڕدراوە.
وەزارەتی دارایی ئەم سێ خاڵەی بۆ مووچەخۆران خستووەتەڕوو:
1- سەبارەت بەو لێبڕینە کە بڕەکەی تەنها لە (1%)ی مووچەی بنەڕەتیی فەرمانبەرانە، لەسەر داواکاری وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە مەبەستی تۆمارکردن و دروستکردنی ژمارەی وەزیفی لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە بڕدراوە.
2- ئەو لێبڕینی (1%)ە بۆ سەرجەم فەرمانبەرانی عێراق بووە، تەنها فەرمانبەرانی هەمیشەیی و ئەو فەرمانبەرە گرێبەستانە دەگرێتەوە کە مووچەکانیان لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە خەرج دەکرێت، بە هیچ جۆرێک خانەنشینان و سوودمەندانی چاودێریی کۆمەڵایەتی ناگرێتەوە.
3- ئەو لێبڕینە تەنها بۆ یەک جارە و لەسەر مووچەی مانگی ئایار لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە جێبەجێ کراوە.
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سەرجەم فەرمانبەران دڵنیا دەکەنەوە "ئەو بابەتە هیچ پەیوەندیی بە پڕۆژەی هەژماری منەوە نییە."
هاوکات دوو نووسراوی هاوپێچ کردووە کە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ژمارە (24972) لە 18ـی 12ـی 2024 تایبەت بە تۆماری بایۆمەتری و نووسراوی ژمارە (51187)ی 11ـی 12ـی 2024ـی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لە بەغدا، تایبەت بە ناردنی ژمارەی وەزیفی و ناونیشانی بایۆمەتریی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
.jpg)
.jpg)
