وەزارەتی دارایی عێراق ڕەتیدەکاتەوە هیچ کەمیی بودجەیەک بۆ موچەی هەرێم هەبێت
وەزارەتی دارایی عێراق ڕەتیدەکاتەوە هیچ کەمیی بودجەیەک بۆ موچەی هەرێم هەبێت و پابەندبونی خۆی بە ڕێکارە یاساییەکان دوپاتدەکاتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم ڕایگەیاند، "بەغدا بڕی 36 ملیار و 360 ملیۆن و 876 هەزار دیناری لەکۆی تەمویلی موچە نەناردوە".
وەزارەتی دارایی عێراق ئەمشەو لە ڕاگەیەندراوێكدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە،بڵاویكردەوە، وەزارەتی دارایی هەرێم بانگەشەی بوونی کورتهێنان لە تەمویلی موچەی فەرمانبەران بۆ مانگی (کانونی دوەم/1) ی ئەمساڵ دەكات. ئێمە جەخت دەکەینەوە کە ڕێکارەکانی تەمویلکردن لەسەر بنەمای ڕێڕەوە یاسایی و داراییە پەیڕەوکراوەکانی دەوڵەتی عێراق ئەنجامدراون.
دەشڵێت، "ڕێكارەكان بە شێوەیەکن كە بڕە پارەکان بەپێی ڕێنمایی خەرجکردنی (1/12)ی پەسەندکراوی یاسایی خەرجکراون، کە بڕیاردەدات تەمویل بۆ ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانە خەرجبکرێت کە ناویان تۆمارکراوە و بە کردەیی لەو لیستانەدا هەن کە لای وەزارەت پەسەندکراون".
وەزارەتی دارایی عێراق ڕونیدەکاتەوە کە هەر بڕە پارەیەکی زیادە یان جیاوازییەکی دارایی کە وەک شایستەی مانگەکانی پێشو کەوتوەتە ئەستۆ، ناکرێت لە چوارچێوەی میکانیزمی خەرجکردنی ئێستادا سەرف بکرێت، چونکە پێویستی بە داپۆشینی یاسایی و تەرخانکردنی دارایی دیاریکراو هەیە، ئەمەش بە شێوەیەکی ئوسوڵی لە کاتی ئامادەکردنی خشتەکانی بودجەی ساڵی 2026 خەرجدەکرێت.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، بەغدا پابەندە بە خەرجکردنی موچە بۆ شایستەکانی لە سەرتاسەری وڵاتدا، جەختیش دەکاتەوە کە پابەندبون بە دەستور و یاسا پێویستی بە وردی هەیە لە گواستنەوەی ڕاستییەکان و دورکەوتنەوە لە زمانی گرژی یان دۆزینەوەی بیانو.
دەشڵێت، "تیمە تایبەتمەندەکان بەپێی پێوەرە پیشەییەکان کار دەکەن بۆ دەستەبەرکردنی گەیشتنی تەمویلە داراییەکان بەبێ دواکەوتن و تەنها لە چوارچێوەی دەسەڵاتە یاساییە بەردەستەکاندا".
