وەزارەتی دارایی ڕێکارەکانی فرۆشتنی موڵکەکانی شاسوار عەبدولواحید دەستیپێکرد
ئەمڕۆ یەکشەممە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لەسەر داوای بانکە بازرگانییەکان بڕیار دراوە سەرجەم موڵکەکانی کۆمپانیای نالیا و چاڤی بخاتە مەزادەوە کە ژمارەیان 60 موڵکە, ئەمەش لەبەرامبەر ئەو قەرزە کەڵەکەبووانەیە کە کۆمپانیاکان لەسەریانە.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەسەر داوای بانکە بازرگانییەکان بڕیار درا دەست بگیرێت بەسەر سەرجەم موڵکەکانی کۆمپانیای چاڤی و نالیا کە ژمارەیان 60 موڵکە ئەمەش لەبەرامبەر نزیکە 92 ملیار دینارە.
وەزارەتی دارایی و ئابووری دەڵێت, لە ماوەی ڕابردوودا چەندین جار لە ڕێگەی (بانکی سلێمانی یەک) ئاگاداری کۆمپانیای نالیا و چاڤی کراوەتەوە، بەڵام وەڵامیان نەبووە. بۆیە وەزارەت بە مافی خۆی دەزانێت سەرجەم موڵکەکان بخاتە مەزادوە. ئەمە لە کاتێکدایە بەهای قەرزەکانی ئەو دوو کۆمپانیایە گەیشتووەتە 91 ملیار و 760 ملیۆن و 66 هەزار دینار. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە لە 20-10-2021 دادگا لە بەرژەوەندی وەزارەتی دارایی دۆسیەی قەرزەکانی یەکلایی کردەوە و لە 22-9-2024 گلدانەوە لەسەر سەرجەم موڵکەکانی کۆمپانیای نالیا و کۆمپانیای چاڤی دانرا. هاوکات دادگا لە 26-11-2024 تانەی پێداچوونەوەی نالیای ڕەتکردەوە.
وەزارەتی دارایی دەڵێت، سەرجەم موڵکەکانی ئەو دوو کۆمپانیایە کە ژمارەیان 60 موڵکە و پێکهاتوون لە چەندین پارچە زەوی، هۆتێل، کافتریا و کابینەی گەشتیاری و چەندین موڵکی تر، دەخرێنە مەزادەوە لەبری قەرزە کەڵەکەبووەکانی ئەو دوو کۆمپانیایە.
