وەزارەتی دەرەوە: بەشداری سودانی لە لوتکەی شەرم شێخ لەسەر بانگهێشتی ئەمریکا و میسرە
ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی دەرەوە، ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی بەشداریکردنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە لوتکەی شەرم ئەلشێخ بڵاو کردەوە، لە هەمان کاتدا ئاماژەی بەوەدا کە بەشداریکردنەکە لەسەر داوای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و میسر بووە.
وەزارەتەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە، ڕایگەیاند: "سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، بەشداریی لە لوتکەی ئاشتی شەرم ئەلشێخدا کرد، کە تێیدا سەرۆکایەتی شاندی کۆماری عێراقی کرد لە لوتکەکەدا کە ئەمڕۆ لە شاری شەرم ئەلشێخی کۆماری میسری عەرەبی بە بەشداریی فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری دەرەوە، بەڕێوەدەچێت".
ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەم بەشداریکردنە وەڵامێک بوو بۆ بانگهێشتنامەی هاوبەش کە لەلایەن حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری میسری عەرەبییەوە پێشکەش کرا، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر هەوڵە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە، و بەدەستهێنانی وەستانێکی هەمیشەیی بۆ تەقەکردن، و دڵنیابوون لە گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بە هاووڵاتیانی سڤیل، و دەستپێکردنی ڕێڕەوێکی سیاسی کە بەشداری بکات لە جێگیرکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا".
ئاماژەی بەوەشدا کە "ژمارەیەک لە سەرکردە و وڵاتانی ناوچەکە و جیهان بەشدارییان لە لوتکەکەدا کرد، لە چوارچێوەی هەوڵە هاوبەشەکان بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی هەرێمی و نێودەوڵەتی".
