وەزارەتی دەرەوە: لێدوانەکانی فیدان دەستوەردانە لە کاروباری ناوخۆی عێراق
ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی دەرەوە، جەختیکردەوە: لێدوانەکانی هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا، سووکایەتیکردنە بە پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا و دەستوەردانە لە کاروباری ناوخۆی عێراق.
وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا كە دەستی ئاژانسی موتەڵع کەوتووە، دەڵێت: "وەزارەتی دەرەوە، میوانداریی ئەنیل بۆرا ئینان باڵیۆزی تورکیای لە عێراق کرد لە بارەگای وەزارەت، ئەمەش لە پاشخان و کاردانەوەی ئەو لێدوانە نوێیانەی کە هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنییدا لەگەڵ کەناڵی (CNN)ی تورکی لە ڕێکەوتی ٩ی شوباتی ٢٠٢٦ دابووی."
بەپێی بەیاننامەکە، محەمەد حسێن بەحرلعلوم بریکاری وەزارەت بۆ پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، نیگەرانیی عێراقی بەرامبەر ئەو لێدوانانە دەربڕیوە کە لە میدیاکان بڵاوبوونەتەوە و جەختی کردۆتەوە کە "ئەم لێدوانانە سووکایەتیکردنە بە پەیوەندییە دۆستانەکانی نێوان عێراق و تورکیا، و بە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی عێراق و تێپەڕاندنی عورفە دیپلۆماسییەکان هەژمار دەکرێن."
هەروەها باسی لەوە کردووە: "عێراق دەوڵەتی دامەزراوەکانە و خاوەن سیستمێکی سیاسی دیموکراسی دەستوورییە، و ناکرێت بەراورد بکرێت بە دەوڵەتانی تر کە خاوەن سیستمی سیاسی جیاوازن."
سەبارەت بە کاروباری ناوخۆش، بریکاری وەزارەت دووپاتیکردەوە: "دۆسیەی شەنگال و تەواوی ناوچەکانی تری عێراق پرسێکی نیشتمانیی پەتییە، و بەپێی ئەولەویەت و میکانیزمە نیشتمانییەکان مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت"، جەختیشیکردەوە: لە "ڕەتکردنەوەی هەر دەستوەردانێکی دەرەکی بۆ سەپاندنی چارەسەر یان بەکارهێنانی ئەم دۆسیەیە بۆ کاریگەریی سیاسی و سەربازی."
لە لایەن خۆیەوە، باڵیۆزی تورکیا ڕایگەیاند: "لێدوانەکانی وەزیری دەرەوە بە شێوەیەکی ورد نەیەگەیەنراوە بەهۆی وەرگێڕانێکی هەڵەوە"، ئاماژەی بەوەشکرد: "قسەکانی وەزیر پەیوەست بووە بە چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) کە لە عێراقدا هەن، و پەیوەندی بە کاروباری ناوخۆی عێراق یان هاوڵاتیانی عێراقییەوە نییە."
دووپاتیشیکردەوە: "سیاسەتی وڵاتەکەی بەرامبەر عێراق جێگیرە، ڕێز لە سەروەرییەکەی دەگرێت و دەست لە کاروباری ناوخۆی وەرنادات."
لە کۆتایی دیدارەکەدا، باڵیۆزی تورکیا جەختی لە پەرۆشیی حکومەتەکەی کردەوە بۆ پتەویی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات، ئاماژەی بەوەشکرد: هەڵوێست و تێبینییەکانی عێراق دەگەیەنێتە سەرکردایەتی وڵاتەکەی، و گرنگیی پاراستنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی دووپات کردەوە بە جۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندی هەردوو گەلی دراوسێ بکات.
