وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە یاسای بەرەنگاربوونەوەی لەشفرۆشی لە عێراق
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەقووڵیی نیگەرانە لە یاسای (قەدەغەکردنی لەشفرۆشی و هاوڕەگەزخوازی) کە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پەسەندی کرد.
لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، "ئەم یاسایە مافی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکان دەخاتە مەترسییەوە کە لەلایەن دەستوورەوە پارێزراون".
بەگوێرەی بەیاننامەکە، ئەم یاسایە هەڕەشە لە کۆمەڵگەی عێراق دەکات، دەکرێت بۆ رێگریکردن لە ئازادیی قسەکردن و رادەربڕینی کەسی بەکاربهێنرێت، هەروەها دەبێیتە بەربەست بۆ کاری رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە سەرتاسەری عێراقدا، وەک لە بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا هاتووە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، "ئەم یاسایە توانای عێراق لاواز دەکات بۆ هەمەچەشنکردنی ئابووری و راکێشانی وەبەرهێنانی بیانی" پێشیوایە، رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و یەکگرتوویی سیاسی و ئابووری بۆ ئاسایش و سەقامگیری و خۆشگوزەرانیی عێراق زۆر گرنگە
