وەزارەتی ناوخۆی کوردستان پەیامێک ئاراستەی هاندەرانی یانەکانی زاخۆ و نەورۆز دەکات لە شاری سلێمانی
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لەسەر ڕوداوەکەی ئەمشەوی نێوان هاندەرانی نەورۆز و زاخۆ لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە دروستدەکرێت و سبەی سەردانی شوێنی ڕوداوەکە دەکرێت.
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمشەو لە ڕاگەیەندراوێكدا باسی لەوەکردوە، "ئەمشەو لە یارییەکی گەڕی 29ی خولی ئەستێرەکانی عێراق کە لە یاریگای نەورۆز لە شاری سلێمانی لە نێوان یانەی وەرزشی زاخۆ و یانەی وەرزشی نەورۆز بەڕێوەچو، بەداخەوە گرژیی دروستبو لە نیوان هاندەرانی هەردو یانەکە و بوە هۆی وەستاندنی یارییەکە و بە سوکی برینداربونی ژمارەیەک هاندەر".
ئاماژەی بەوەشکرد، بارودۆخی نەخوازراو کۆنتڕۆڵکراوە و هێزەکانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە گۆڕەپانەکەن بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە و پاراستنی گیانی یاریزان و هاندەران.
لە ڕاگەیەندراوەکدا هاتوە، بە فەرمانی وەزیری ناوخۆ ئەنجومەنێکی لێکۆڵینەوە دروستکرا و بەیانی سەردانی شوێنی روداوەکە دەکات بۆ لێکۆڵینەوەکردن و دەرخستنی ڕاستییەکان.
وەزارەتی ناوخۆ داوا لە هاندەرانی هەردو یانە و هاوڵاتیان دەکات کە بە رۆحی وەرزشی مامەڵە بکەن و کەناڵەکانی میدیاش هاوکاربن لە بڵاوکردنەوەی رۆحی وەرزشی و برایەتی کە بەشێکن لە بنەماکانی کێبڕکێی نێوان هەموو یانەکانی کوردستان و عێراق و وەرزش بە شێوەیەکی گشتی.
