وەزارەتی نەوت وێستگەكانی دابەشكردنی غازی شلی ئۆتۆمبێل زیاد دەكات
ئەمڕۆ شەممە، وەزارەتی نەوتی عێراق،زیادکردنی وێستگەکانی غازی شلی ئۆتۆمبێل لەسەرتاسەری وڵات ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەکرد، "مانگانە ژمارەی بەكارهێنەرانی غازی شل بۆ ئۆتۆمبێلەكان لە زیادبوندایە".
ڕافد سادق، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی كۆمپانیای دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكانی عێراق ئەمڕۆ شەممە بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی ڕاگەیاند، كۆمپانیاكە پلانێكی تۆكمەی ئامادەكردوە بۆ دامەزراندنی فرۆشگای نوێی غازی شل لە سەرانسەری عێراق، هەروەها پلانیش هەیە بۆ زیادكردنی ژمارەی ئێستای زیاتر لە 90 فرۆشگا.
ئاماژەی بەوەشكرد، كۆمپانیاكە پلانی هەیە بۆ زیادكردنی ژمارەی وێستگەی غازی شل بۆ ئۆتۆمبێل، هەروەها بەمنزیكانە دو وێستگەی نوێی غازی شل لە دیوی كەرخ و ڕەسافەی بەغدا دادەمەزرێنن.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی نەوتی عێراق باسی لەوەشكرد، بەهۆی نرخە كەمەكانی و ئەدای كارامەیی، هەروەها زیادبونی متمانەی هاوڵاتیان بە كارەكانی، مانگانە ژمارەی بەكارهێنەرانی غازی شل بۆ ئۆتۆمبێلەكان لە زیادبوندایە.
ئەوەشیخستەڕو، كۆی گشتی بڕی غازی سروشتی شل كە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا مانگی (ئایار/5) دابینكراوە، زیاتر لە 158 ملیۆن لیترە، هەروەها كۆمپانیاكە چوار جۆر سوتەمەنی بۆ هاوڵاتیان دابین دەكات، لەوانە بەنزینی سوپەر، بەنزینی باش، بەنزینی نایاب، غازی سروشتی شل بۆ ئۆتۆمبێل.
