وەزارەتی نەوتی عێراق داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلە دەکات لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم
وەزارەتی نەوتی عێراق، داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلە دەکات لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، جەختیشیکردەوە لەپێویستی پابەندبوون بە هەمواری یاسای بودجەی گشتی.
وەزارەتی نەوتی عێراق راگەیەندراوێکی لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و راگەیەندراوەکەی ئەپیکور رەتدەکاتەوە و دەڵێت، "کارمان کردووە و هەوڵدەدەین لە نزیکترین کاتدا و بەپێی یاسای بودجە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکەینەوە".
وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، هەر جارێک دانوستانەکانی پەیوەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بەرەوپێش دەچن، بەهۆی داواکاری ناڕاستەقینەوە ئاڵۆزی نوێ سەرهەڵدەدەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، کاردەکەن بۆ دڵنیابوونەوە لە جێبەجێکردنی دروستی یاسای هەمواری بودجە کە لە دووی شوباتی ئەمساڵ پەسەندکراوە، بۆئەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەرێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە دەستپێبکاتەوە، بۆئەوەش حکومەتی عێراق هەنگاوی جددی ناوە بۆ نیشاندانی نییەت پاکی خۆی لە دانوستانەکان.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، داواکاریی ناواقیعی و دەرەوەى چوارچێوە یاساییەکان، گەیشتن بە رێککەوتن پەکدەخات و گەیشتن بە رێککەوتن رێگری لە فرۆشتنی نایاسایی نەوت دەکات.
هاوکات، وەزارەتی نەوتی عێراق، داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلە دەکات لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان، بەمەرجێک بەپێی هەمواری یاسایی بودجە بێت و بگەنە میکانزمێکی کارکردنی روون کە مافەکانی عێراق بپارێزێت و پابەندبوونەکانی بەرامبەر وەبەرهێنەران گرەنتی بکات.
راگەیەنەراوەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق لەکاتێکدایە، کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور)رایگەیاندبوو، بەهۆی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە، نەوتیان بە نیوەی نرخی بازاڕی جیهان فرۆشتووە و کۆمپانیا ئەندامەکان بە بڕی ٤٠٠ ملیۆن دۆلار وەبەرهێنانیان راگرتووە.
