وەزارەتی پلاندانان دابەزینی ڕێژەی هەژاری بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو لەعێراق ڕادەگەیەنێت
ئەمڕۆ هەینی، وەزارەتی پلاندانان دابەزینی ڕێژەی هەژاری بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو ڕاگەیاند، هاوکات ئاماژەی بەوە کرد کە بەردەوامە لە ئامادەکارییەکان بۆ ڕاگەیاندنی ستراتیژیی بەرەنگاربوونەوەی هەژاری ٢٠٢٦-٢٠٣٠.
عەبدولزەهرە هنداوی، وتەبێژی وەزارەت بەپێی ئاژانسی هەواڵی فەرمی کەموتەڵع بەدواداچوونی بۆ کردووە ڕایگەیاند: "لەمساڵدا (٢٠٢٥) ڕێژەکانی هەژاری لە عێراق دابەزینێکی ئاشکرایان بەخۆوە بینیوە، ئەوەش لە ئەنجامی زنجیرەیەک سیاسەت و ڕێکاری حکومی کە لە چوارچێوەی ستراتیژیی بەرەنگاربوونەوەی هەژاریدا جێبەجێ کراون.
ڕوونیشیکردەوە کە دوایین ڕووپێوی کە وەزارەتی پلاندانان لە ڕێگەی دەزگای ناوەندیی ئامارەوە ئەنجامی داوە، دابەزینی ڕێژەی هەژاری بۆ نزیکەی ١٧٪ دەرخستووە، دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠٢٢دا ٢٣٪ بوو، ئەم پاشەکشەیەش بەهۆی ڕێکارە حکومییەکانەوە بووە لە چوارچێوەی ستراتیژیی بەرەنگاربوونەوەی هەژاری.
ئاماژەی بەوەشدا کە ئەم دابەزینە لە ئەنجامی پاڵپشتیکردنی دۆسیەی ئاسایشی خۆراک بووە لە ڕێگەی دابینکردنی سەبەتەی خۆراکی بۆ ماددەکانی بەشەخۆراک، فراوانکردنی بازنەی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی، و جێبەجێکردنی بەرنامەکانی بەهێزکردنی ئابووری لە ڕێگەی گۆڕینی ژمارەیەک لە سوودمەندان بۆ فەرمانبەر لە هەندێک دامەزراوەی دەوڵەتدا.
وتیشی: ستراتیژیی بەرەنگاربوونەوەی هەژاری بریتی بوو لە پێدانی بەخشینی دارایی (مەنحە) بەو خێزانانەی کە منداڵیان لە قوتابخانەکان هەیە بۆ ڕێگریکردن لە وازهێنان و مسۆگەرکردنی بەردەوامبوونیان لە خوێندن، جگە لە دابینکردنی پاڵپشتی و ئاسانکاریی تەندروستی بۆ چینە هەژارەکان و تەواوکردنی پڕۆژەکانی نەخۆشخانە لە ناوچە هەرە هەژارەکان.
ئاماژەی بەوەش کرد کە سندوقی پاڵپشتیی ناوچە هەرە هەژارەکان لە ساڵانی ڕابردوودا پڕۆژەی خزمەتگوزاریی لە ژمارەیەک پارێزگا جێبەجێ کردووە، هەروەها ڕۆڵی سندوقی کۆمەڵایەتی بۆ گەشەپێدان سەر بە وەزارەتی پلاندانان، کە سەرکەوتوو بووە لە جێبەجێکردنی سەدان پڕۆژە لە زیاتر لە ٥٠٠ گوند لە سەرانسەری وڵات، کە بریتی بوون لە دروستکردنی قوتابخانە و بنکەی تەندروستی، ڕاکێشانی تۆڕی ئاو و کارەبا و قیرتاوکردنی ڕێگا سەرەکییەکان.
جەختیشی کردەوە کە وەزارەتی پلاندانان بەردەوامە لە ئامادەکارییەکانی بۆ ڕاگەیاندنی ستراتیژیی بەرەنگاربوونەوەی هەژاری بۆ ساڵانی ٢٠٢٦-٢٠٣٠، کە بەردەوام دەبێت لە پەیڕەوکردنی ئەو هەنگاوانەی لە دوو ستراتیژییەکەی پێشوودا سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە، بە ئامانجی گەیشتن بە ئامانجە نیشتمانییەکان لە کەمکردنەوەی ڕێژەی هەژاری و بەهێزکردنی گەشەپێدانی بەردەوام
