وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی ڕووداوەکەی کۆلیژی سەربازی سلێمانی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە
وەزارەتی پێشمەرگە دووپاتیکردەوە کە تەقینەوەیەک لە کۆلێژی سەربازی قەلاچۆلان ڕوویدا و لە ئەنجامدا سێ خوێندکار برینداربون و خوێندکارێکیش گیانی لەدەستدا و سەرجەمیان سەر بە سوپا و وەزارەتی بەرگری عێراق بون.
وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێكدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە بڵاویكردەوە، بەداخەوە ئەمڕۆ لە خولی 89ـی کۆلێژی سەربازی قەلاچۆلان لەکاتی مەشقی چەکی کاریگەر کە بەشێک بوە لە پڕۆگرامی خوێندنی خولی 89ـی کۆلێژی سەربازی قەلاچۆلان، تەقینەوەیەک رویداوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، بە ئەنجامی تەقینەوەكەدا سێ خوێندکار برینداردەبن و خوێندکارێکیش گیانی لەدەستدا، کە سەرجەمیان سەر بە سوپا و وەزارەتی بەرگری عێراق بون. بەم بۆنە خەمناکەوە، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی وەزارەتی بەرگری عێراق و کۆلێژی سەربازی قەلاچۆلان و خانەوادە و هاوڕێیانیان دەکەین، هیوای زو چاکبونەوەش بۆ بریندارەکانی ئەم روداوە نەخوازراوە دەخوازین.
