وەزارەتی پێشمەرگە ڕاگەیاندراوێک سەبارەت بە خانەنشینی ئەفسەرانی پێشمەرگە بڵاودەکاتەوە
وەزارەتی پێشمەرگە ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاندووە، بە پشتبەستن بە بڕیارەكانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێم، فەرمانێكی وەزاریی بۆ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتی و یەكە سەربازییەكان دەركردووە و بەپێی فەرمانەكە، ئەو ئەفسەر و كارمەندانەیان خانەنشین دەبن، كە یاسای راژە و خانەنشینیی سەربازی ژمارە 3ـی ساڵی 2010 دەیانگرێتەوە.
ئاماژە بەوەشكراوە، لەبەر ڕۆشنایی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە 259 پشتبەست بە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵیی ژمارە(212 اتحادییە/2022) لە 23/11/2022 تایبەت بە جێبەجێكردنی یاسای خانەنشینیی یەكگرتوو، ژمارە نۆی ساڵی 2014ـی هەمواركراو، ئاماژە بە راپۆرتی تیمی هاوبەشی وردبینیی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و هەرێم لە رۆژی 17/10/2023 تایبەت بە ئەنجامی چاودێری و وردبینیی ژمارەی فەرمانبەران و خانەنشین و سوودمەندانی چاودێریی كۆمەڵایەتی لە هەرێم.
لە راگەیەندراوەكەدا ئەوەش هاتووە، وەزارەتی پێشمەرگە پشتبەست بە بڕیارەكانی وەزارەتی دارایی و ئابوری ئەم فەرمانە وەزارییەی بۆ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتی و یەكە سەربازییەكان بڵاوكردووەتەوە و بە پێی فەرمانەكە ئەفسەران و كارمەندانی وەزارەتی پێشمەرگە كە ئێستا خانەنشین دەبن بە پێی یاسای راژە و خانەنشینیی سەربازی ژمارە 3ـی ساڵی 2010 خانەنشین دەكرێن، كە پاڵپشتە بە ماددەی 35 لە بڕگەی (سێیەم/ب) لە یاسای خانەنشینیی یەكگرتوو ژمارە 9 ساڵی 2014.
