وەزارەتی ژینگە ڕێوشوێنی توند بەرامبەر ١٧٧ کارگە لە بەغدا دەگرێتەبەر
ئەمڕۆ شەممە،وەزارەتی ژینگە،ڕایگەیاند کە پشکنین بۆ 500 دامەزراوەی پیشەسازی ئەنجامداوە کە پێشێلی مەرجەکانی ژینگەییان کردووە لە ناوچە جیاوازەکانی بەغداد.
"سادق حاتم"بەڕێوەبەری ژینگەی بەغداد، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرمی کەموتەڵع بەدواداچوونی بۆ کردووە ڕایگەیاند: ئامارەکانی وەزارەتی ژینگە بۆ چاودێری پێشێلکارییەکان بریتین لە پشکنینی 500 کارگە لە دامەزراوە پیشەسازییە گەورە و مامناوەندەکان، جگە لە داخستنی 177 کارگەی نایاسایی توانەوەی کانزاکان بە (کوورەی توانەوە) کە نایاسایین و دەبنە هۆی پیسبوونی ژینگە لە بەغداد، ئەمەش لە پاش دەرچوونی ڕێنماییەکان بۆ داخستنی کارگەکانی خشت و ئەو شوێنانەی کە پاشماوەکان تێدا دەسوتێنرێن و کارگەکانی قیر و پاڵاوتنی ڕۆن.
هەروەک وتی: لێکۆڵینەوەکان دەربارەی دۆخی ژینگەیی لە پایتەخت دەریانخستووە کە هۆکاری پیسبوونی هەوا بەهۆی ئەو گازانەوەیە کە لە کارپێکردنی مۆلیدەکان و بەکارهێنانی سووتەمەنی پیسەوە دەردەچن، جگە لە کارگە نایاساییەکان و پرۆسەکانی سوتاندنی هەڕەمەکی پاشماوەکان.
ئاماژەی بەوەشدا: هەڵمەتە یاساییەکان و ڕێکارەکانی چاودێری بوونەتە هۆی کەمبوونەوەیەکی ڕێژەیەکی باش لە پیسبوونی هەوا لە مانگەکانی ڕابردوودا، هەروەها باشتربوونی کوالیتی هەوا بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پێشوو، بەهۆی داخستنی ژمارەیەک کارگەی نایاساییەوە.
ڕوونیشیکردەوە: ڕێکارەکانی داخستن و چاودێریکردنی دامەزراوە پیشەسازییە پێشێلکارەکان بریتین لە دەرکردنی ڕێنمایی و بڕیارەکانی حکومەت، لەوانەش ڕێنمایی وەزیری ناوخۆ بۆ داخستنی کارگە نایاساییەکان، بە تایبەتی کارگەکانی خشت، و قەدەغەکردنی سوتاندنی پاشماوەکان.
ووتیشی : ئەنجومەنی وەزیران ڕێکارگەلی توندی پەسەند کردووە بۆ هەموارکردنی شێوازەکانی دەردانی پیسایی، و بەکارهێنانی سووتەمەنی پاک، یان زیادکردنی فلتەر بۆ ڕێگریکردن لە دەردانی زیانبەخش.
ئەوەشی خستەروو : بەڕێوەبەرایەتی ژینگەی بەغداد ڕۆڵی پۆلیسی ژینگەی چالاک کردووە لە چاودێریکردنی چالاکییە پیسکەرەکان، بەدواداچوونی پێشێلکارییەکان، و جێبەجێکردنی داخستنی یاسایی بۆ کارگە پێشێلکارەکان، جگە لە چڕکردنەوەی هەڵمەتە ئەمنییەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە ناوخۆییەکان و دەزگا ئەمنییەکان بۆ داخستنی چالاکییە نایاساییەکان،ئاماژەی بە جێبەجێکردنی بەرنامە نیشتمانییەکان بۆ چاودێریکردنی دەردانی پیسایی و دیاریکردنی سەرچاوە هەرە پیسکەرەکان.
لە کۆتایی قسەکانیدا ووتی : ئیرادەیەکی سیاسی ڕوون هەیە بۆ داخستنی چالاکییە پیسکەرەکانی ژینگە، و باشترکردنی هەماهەنگی لە نێوان وەزارەتەکان و لایەنە ئەمنی و ژینگەییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی چالاکییە ژینگەییە نایاساییەکان.
