وەزارەتی کار: ٢ ملیۆن و ١٩٠ هەزار كەس لە وەرگرتنی مووچەی چاودێری كۆمەڵایەتی سودمەندبوون
وەزارەتی كاروباری عێراق وتی، ٢ ملیۆن و ١٩٠ هەزار كەس لە وەرگرتنی مووچەی چاودێری كۆمەڵایەتی سودمەندبوون و دەشڵێت، بڕی ١٠٠ هەزار دینار جەژنانەیان دابەش كردووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە ٨ـی حوزەیرانی ٢٠٢٥، حەسەن خەوام، وتەبێژی وەزارەتی كاروباری عێراق وتی، ئەو خێزانانەی لە تۆڕی دەستەبەری كۆمەڵایەتی تۆماركراون، بیمەی تەندروستییان بە خۆڕایی پێدەدرێت، مانگانەش بە هاوئاهەنگی وەزارەتی بازرگانی، سەبەتەی خۆراكیان پێدەدەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو گەنجانەی لە تۆڕی دەستەبەری كۆمەڵایەتی تۆماركراون و تەمەنیان لەنێوان ١٨ بۆ ٢٥ ساڵە، بەشێوەی گرێبەست لە وەزارەتەكان دایاندەمەزرێنن، تائێستا زیاتر لە ٥١ هەزار گەنجیان بەشێوەی گرێبەست لە وەزارەتەكانی ناوخۆ، پەروەردە و داد دامەزراندووە.
باسی لەوەشکرد، ئەو كەسانەش دەیانەوێت خۆیان ببنە خاوەنكار، قەرزی درێژخایەنیان بە بڕی ٢٠ بۆ ٥٠ ملیۆن دینار بۆ دیاری كردوون، كە دوای ئەوەی بوونە خاوەنكاری خۆیان، مووچەی دەستەبەری كۆمەڵایەتیان دەبڕن.
وتیشی، لەم جەژنەدا بڕی ١٠٠ هەزار دیناریان وەك جەژنانە بە هەر منداڵێكی بێ سەرپەرشتی تۆڕەكانی چاودێری و دەستەبەری كۆمەڵایەتی داوە.
