وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق چەند مەرجێکی لەبارەی هاوردەکردنی گۆشت بڵاوکردەوە
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، چەند مەرجێکی لەبارەی
هاوردەکردنی گۆشت راگەیاند ، ئاماژەی بەوەکرد، ئەم رێکارانە هەوڵێکە بۆ چارەسەرکردنی کورتهێنانی بەرهەمی ناوخۆیی.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، محەمەد خەزائی، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، وەزارەت کۆمەڵێک مەرجی داناوە کە دەبێت بەسەر گۆشتی هاوردەکراودا جێبەجێبکرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێک لە مەرجە گرنگەکان بریتییە لە هاوردەکردنی گۆشتی بەستوو لەو وڵاتانەی کە بڕوانامەی تەندروستیی ڤێتێرنەرییان هەیە.
هەروەها، وڵاتانی هەناردەکار دوور بن لە نەخۆشییە مەترسیدارەکان، وەک نەخۆشیی هاریی مانگا.
باسی لەوەشکرد، مەرجێکی دیکە ئەوەیە، گۆشتەکە لەو وڵاتانەوە هاوردەبکرێت، کە پێشتر وەزارەت سەردانی کردوون و سەربڕخانەکانیان باوەڕپێکراو بووە.
هاوکات، گۆشتی هاوردەکراو لەگەڵ تایبەتمەندیی ستانداردی عێراقی ژمارە ١١٨٥ بگونجێت، کە تایبەتە بە گۆشتی بەستووی مانگا، گامێش، مەڕ و بزن.
