وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاند
لەکاردانەوەی هێرشەکەی ئێران بۆسەر ئیسرائیل، ئەمریکا و بەریتانیا سزای نوێیان بەسەر ئێراندا سەپاند و سزاکانیش بەرنامە و سیستەمە درۆنییەکەى ئەو وڵاتە دەگرێتەوە.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، 16 کەسایەتی و دوو دامەزراوە کە کار بۆ کاراکردن و بەهێزکردنی بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ئێران سزا دراون.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو 16 کەسایەتی و دوو دامەزراوەیە بەرپرسبوون لە بەرهەمهێنانی ئەو جۆرە درۆنانەی کە ئێران لە 13ـی نیسانی ئەم مانگەدا هێرشی پێکردووەتەسەر ئیسرائیل.
پێشتر جانیت یەلین، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، وەزارەتەکەیان درێغی ناکەن لە کارکردن لەگەڵ هاوپەیمانەکانیان بۆ سەپاندنی سزای زیاتر بۆ پەکخستنی چالاکییەکانى ئێران.
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا باسی لەوەشکردبوو، پێویستە وڵاتەکەی ئامرازی ئابووری دژی ئێران بەکاربهێنێت تاوەکو جووڵە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە سنووردار بکات.
