وەزیری بازرگانی و پیشەسازی پێشوازیی لە سیرج دیکشن باڵیۆزی بەلجیکا لە عێراق کرد
هەرێمی کوردستان و بەلجیکا خواستی گەشەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکانیان هەیە و بۆ ئەو مەبەستەش وەزیرى بازرگانی و پیشەسازی و باڵیۆزی بەلجیکا لە عێراق کۆبوونەوە.
کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی پێشوازیی لە سیرج دیکشن، باڵیۆزی بەلجیکا لە عێراق کرد.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمانگەی میدیای حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان هاتووە، "لە دیدارێکدا کە هەریەکە لە سەروەر کەمال هاواری، بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری بازرگانی و عەلی عوسمان، بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری پیشەسازی و ڕاوێژکاری پەیوەندییەکان و بەڕێوەبەری گشتیی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان ئامادەی بوون، باس لە پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هەرێم و بەلجیکا کرا و ڕوونکردنەوەی پێویست لەبارەی کاری بازرگانی و پیشەسازی لە هەرێمی کوردستان درایە باڵیۆزی بەلجیکا"، هاتووەش، لە چاوپێکەوتنەکەدا سەرجەم ڕێکار و یاسا و کار ئاسانییەکان بۆ دامەزراندنی کارگەکان، هەروەها وەبەرهێنانی بیانی و سەرمایەگوزاری لە هەرێم باس کران، بە ئامانجی زیاتر کارکردن بۆ بەهێزبوونی پەیوەندییە بازرگانییەکان و کردنەوەی سەنتەری بازرگانیی بەلجیکا وەک پردێکی پەیوەندیی نێوان هەردوو لا.
شایەنی باسە، لە هەرێمی کوردستان 13 کۆمپانیای بەلجیکی تۆمارن کە شەش لقی کۆمپانیای بەلجیکین و حەوت کۆمپانیاش خاوەنداریی بەلجیکین و لە کارە بازرگانییەکانیان بەردەوامن.
