وەزیری دارایی جەخت لە گرنگیی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی کەمکردنەوەی خەرجییەکان دەکاتەوە
ئەمڕۆ یەکشەممە،وەزیری دارایی،جەختی لە گرنگیی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی کەمکردنەوەی خەرجییەکان کردەوە، بەجۆرێک کە گەرەنتی پشتگیریکردنی ڕەوتی چاکسازیی دارایی و کارگێڕی بکات، ئەمەش هاوتەریب لەگەڵ ڕێنماییەکانی حکومەت بۆ بەهێزکردنی سەقامگیریی دارایی و وەرچەرخانی دیجیتاڵی.
هەروەک وەزارەت ئاماژە بەوەدەکات کە سەرجەم گەشتە فەرمیەکان بۆ دەرەوە (ئیفاد) ڕادەگیرێن و لەمەودوا کۆبوونەوەکان بەشێوەی(ئۆنلاین) وەک جێگرەوەیەکی کاریگەر بۆ ئەو مەبەستە بەکاردەهێنرێن.
وەزارەتی دارایی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە : وەزارەتی دارایی کۆبوونەوەیەکی فراوانی بۆ بەڕێوەبەرە گشتییەکان ئەنجامدا، کە تەرخانکرابوو بۆ تاوتوێکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی وەزاریی ئابووری سەبارەت بە پێشنیارەکانی چاکسازیی ئابووری و چارەسەرکردنی ڕەوشی دارایی، بە جۆرێک کە لەگەڵ پێداویستییەکانی قۆناغی ئێستا و ئەولەویەتەکانی سیاسەتی دارایی دەوڵەتدا بگونجێت.
وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: کۆبوونەوەکە تەوەرەکانی زیادکردنی داهات و کەمکردنەوەی خەرجییەکانی خستە ڕوو، وەک بنەمایەکی سەرەکی بۆ پشتگیریکردنی سەقامگیری دارایی و بەرزکردنەوەی توانایی خەرجییە گشتییەکان، تێیدا بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (1083)ی ساڵی 2025 تاوتوێ کرا، کە دەقەکەی جەخت دەکاتەوە لەسەر پەیڕەوکردنی سیستەمی بەئەلیکترۆنکردن لە سەرجەم کەرتە حکومییەکاندا و گواستنەوە بۆ کۆکردنەوەی دارایی بە شێوەی ئەلیکترۆنی، ئەمەش بەشدار دەبێت لە بەرزکردنەوەی توانایی وەرگرتنی پارە،و کەمکردنەوەی بەفیڕۆدان، و بەهێزکردنی شەفافیەت و حوکمڕانی.
هەروەها ئامادەبووان پێشنیاری ئەنجومەنی وەزاریی ئابوورییان تاوتوێ کرد تایبەت بە کەمکردنەوەی خەرجییەکان و زیادکردنی داهاتەکان، کە بڕیاری ڕاگرتنی هەژمارکردنی بڕوانامەکانی لە ڕێکەوتی 2/1/2026ـەوە لەخۆگرتبوو، لەگەڵ ڕاگرتنی گواستنەوەی فەرمانبەران بۆ ئەو وەزارەتانەی کە بڕیارەکە دەیانگرێتەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی ڕێکخستنی سەرچاوە مرۆییەکان و کۆنترۆڵکردنی پابەندییە داراییەکان.
راگەیەندراوەکە روونیشیکردۆتەوە : لەو چوارچێوەیەدا، وەزارەت ڕێکارەکانی خۆی سەبارەت بە ڕێکخستنی دۆسیەی کادرە مرۆییەکان خستە ڕوو، کە تێیدا سەرژمێرییەکی وردی بۆ کادرەکانی خۆی لە هەڵگرانی بڕوانامە باڵاکان کە لە دیوانی وەزارەتدا کاردەکەن ئەنجامداوە و ژمارەیان (304) فەرمانبەرە، ئەمەش وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ ڕێنماییەکانی ئەنجومەنی وەزیران بە ئامانجی حوکمڕانیکردنی داتاکانی فەرمانبەران و دیاریکردنی پێداویستییە ڕاستەقینەکان و هەڵسەنگاندنی ئەو فەرمانبەرانەی بڕوانامەی باڵایان بەدەستهێناوە، بۆ لێکۆڵینەوە لە چۆنێتی سوودوەرگرتن لەو ئەزموونانەی کە بەدەستیان هێناوە لە پێناو پەرەپێدان و بەرزکردنەوەی ئاستی کارکردن.
هەروەها لە کۆبونەوەکەدا باس لەوەش کراوە: رێماییدرا بۆ دەستەی گشتیی ناوچە سەربەخۆکان کە پێویستە چالاکی (دووبارە هەناردەکردنەوە) کارا بکەن، بە پشتبەستن بە بڕگەکانی ماددەی (123) لە یاسای گومرگ ژمارە (23)ی ساڵی 1984ی هەموارکراو، بەهۆی ئەو ڕۆڵە کاریگەرەی ئەم چالاکییە لە بوژاندنەوەی جوڵەی بازرگانی و زیادکردنی داهاتە نانەوتییەکاندا هەیەتی.
لە بەشێکی تری راگەیەندراوەکەدا هاتووە: ئامادەبووان بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (11)ی ساڵی 2026یان تاوتوێ کرد، کە تایبەتە بە پێدانی دەسەڵات بە وەزارەتەکان و ئەو لایەنانەی بەستراوە نین بە وەزارەتەوە بۆ فرۆشتنی سەرجەم ئەو ئۆتۆمبێلانەی (جگە لە ئۆتۆمبێلە بەرهەمهێنەرەکان) کە (15) ساڵ یان زیاتر بەسەر دروستکردنیاندا تێپەڕیوە، بەپێی حوکمەکانی یاسای فرۆشتن و بەکرێدانی مایەی دەوڵەت ژمارە (21)ی ساڵی 2013ی هەموارکراو، ئەمەش بە مەبەستی کەمکردنەوەی بارگرانییە داراییەکانی بەگەڕخستن و بەدەستهێنانی سەرچاوەی دارایی زیادە.
راگەیەندراوەکە : جەختیشی کردۆتەوە کە کۆبوونەوەکە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی تایبەت بە کەمکردنەوەی خەرجییەکانی خستە ڕوو، کە ڕاگرتنی سەرجەم ئیفادە دەرەکییەکانی لەخۆگرتبوو، و پشت بەستن بە کۆبوونەوە بەشیوەی (ئۆنلاین) وەک جێگرەوەیەکی کاریگەر بۆ هاوتەریببوون لەگەڵ پێداویستییەکانی مەشق و پەرەپێدان، بە جۆرێک کە خەرجییەکان بپاشکەوت بکرێن بەبێ ئەوەی زیان بە بەرنامەکانی بونیادنانی تواناکان بگات.
هەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە : ئامادەبووان جەختیان کردەوە لەسەر گرنگی جێبەجێکردنی ورد و یەکگرتووی ئەم بڕیارانە، و پێویستی هەماهەنگی هەوڵەکان لە نێوان سەرجەم فەرمانگە و پێکهاتەکاندا، بۆ دڵنیابوون لە بەدیهێنانی ئامانجە خوازراوەکان و پشتگیریکردنی ڕەوتی چاکسازی دارایی و کارگێڕی، هاوتەریب لەگەڵ ڕێنماییەکانی حکومەت لە بەهێزکردنی بەردەوامیی پارە و وەرچەرخانی دیجیتاڵی.
