وەزیری دارایی هۆکاری دواکەوتنی ناردنی خشتەی بودجە بۆ پەرلەمان ئاشکرا دەکات
ئەمرۆ یەکشەممە "تەیف سامی" وەزیری دارایی هۆکاری دواکەوتنی ناردنی خشتەکانی بودجەی بۆ پەرلەمان ئاشکرا کرد ،وتیشی ئامادەکردنی خشتەی بودجە هیچ سوودێکی نییە لەکاتێکدا هەرێم بەردەوامە لە جێبەجێنەکردنی ئەرکە داراییەکانی.
لیژنەی دارایی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە : لەمیانی میوانداری وەزیری دارایی بۆ لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران پێداچوونەوە بە پێشهاتەکانی دۆخی دارایی وڵات کرا و زانیاری ورد لەبارەی خشتەی داهاتی حکومەت و خەرجی و پارە بۆ ساڵانی 2023 تاوەکو 2025 خرایەڕوو ، ئەوە جگە لە پلانەکانی چاکسازی لە سیستەمی بانکی و نوێکردنەوەی باج و گومرگ و مەلەفی قەرزی ناوخۆیی و دەرەکی.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی لیژنەی دارایی "تەیف سامی" دواکەوتنی ناردنی خشتەی بودجەی گەراندۆتەوە بۆ دوو هۆکار ، کە ئەوانیش دابەزینی نرخی نەوت و چارەسەرنەکردنی ناکۆکییەکان لەگەڵ هەرێم،بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەم دۆخە ڕێگری دەکات لە دابینکردنی پارە بۆ بودجەی فیدراڵی.
هەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە : وەزیری دارایی روونیشیکردۆتەوە : کە هیچ سوودێکی نییە خشتەکان ئامادە بکرێت لەکاتێکدا هەرێم بەردەوامە لە جێبەجێنەکردنی ئەرکە داراییەکانی،ئەوە جگە لە کاریگەری نرخی نەوت و قەرزە کەڵەکەبووەکان لەسەر توانای دارایی حکومەتی فیدراڵی .
