وەزیری دارایی هەرێم داوای کارئاسانی تەواو بۆ مامەڵەی ئەو هاوڵاتییانە دەکات کە قەرزو پێشینەیان وەرگرتووە
وەزیری دارایی هەرێم رایدەگەیەنێت، “لەم کابینەیە کاری باشمان بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی بانکەکان کردووە”.
وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوریی هەرێم لەدیوانی وەزارەت لەگەڵ بەڕێوەبەری سەرجەم بانکە پسپۆڕییەکانی سەر بە وەزارەتی دارایی کۆبووەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە دیدارێکدا گفتوگۆ لە سەر رێکخستنەوە و بەرەو پێشبردنی کاری بانکە پسپۆڕییەکان کراو وەزیری دارایی داوایکرد کارئاسانی تەواو بۆ مامەڵەی ئەو هاوڵاتییانە بکەن کە قەرزو پێشینەیان وەرگرتووە و پلان و پێشنیاری خۆیان لەو بارەیەوە بۆ وەزارەت بەرز بکەنەوە.
وەزارەتی دارایی دەڵێت، لەبەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا ئاوات شێخ جەناب روونیکردەوە سەرەڕای قەیران و کێشەکان لەم کابینەیە توانیویانە کاری باش بۆ بەرەو پێشبردنی ژێرخانی بانکەکان بکەن و لەداهاتووشدا بە پلان و بەرنامەی گونجاو کارەکانیان باشتر رێکدەخەنەوە.
